ڤیدیۆ؛ ئەمشەو جۆکۆڤیچ و مێدڤێدێڤ یاریی کۆتایی تێنسی کراوەی ئەمریکا ئەنجام دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

 

بەئومێدی بردنەوەی نازناوێکی دیکەی گراند سلام، کە دەبێتە سێیەم نازناو لە کۆی چوار نازناوی ئەمساڵی وەرزی تێنس، نۆڤاک جۆکۆڤیچ یاریی کۆتایی تێنسی کراوەی ئەمریکا بەرامبەر دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی ئەنجامدەدات.
 
جۆکۆ وێڕای تەمەنی گەورەی کە 36 ساڵە، ئەمساڵی وەک ساڵێکی ناوازە لە پاڵەوانێتییەکانی تێنسدا بەڕێکردووە و چاوی لەوەیە بەدەستهێنانی دوا گراند سلامی ئەمساڵ، نووسینەوەی مێژوویەکی دیکە بێت لە جیهانی تێنسدا.
 
جۆکۆڤیچ لەبەردەم چوارەم نازناوی تێنسی ئەمریکای کراوەدایە و ئەو تێنسزانە سڕبییە پێشتر لە ساڵانی 2011، 2015 و 2018دا نازناوی ئەو پاڵەوانێتییەی بەدەستهێناوە و پاش پێنج ساڵ، ئەگەر بگاتەوە سەر سەکۆی نازناوەکە، دووپاتکردنەوە دەبێت لە توانای ئەو ئەفسانەیەی تێنس، لە بەردەوامبوون و رکابەریی لەسەر نازناوەکان.
 
جۆکۆ کە یەکێکە لە سێکوچکەی، فێدرێر، نادال و جۆکۆ و ئەمساڵ وازهێنانی فێدرێر و پێکانی رافای بەباشترین شێوە لە بەرژەوەندیی خۆی قۆستووەتەوە و ئەو دەیەوێت لەو ململانێ درێژەی چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئەو دوو تێنسزانەی دیکە، هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە.
 
نۆڤاک جۆکۆڤیچ ئەمە دەیەمینجارە لە کاروانی خۆیدا دەگاتە یاریی کۆتایی تێنسی کراوەی ئەمریکا و ئەمساڵ لە پاڵەوانێتییە ئەمریکییەکەدا ئامادەیی و درەوشانەوەی زۆری پێشانداوە و لە قۆناخی پێشوودا بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر لە بین شیلتۆنی ئەمریکیی بردەوە.
 
ژمارەکانی جۆکۆ باڵیان بەسەر کۆی دەنگوباسەکانی تێنسی ئەمریکادا کێشاوە، ئەو تێنسزانە یەکەم یاریزانە دە جار بگاتە یاریی کۆتایی دوو پاڵەوانێتیی گراند سلام، ئەو پێشتر دەجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی تێنسی کراوەی ئوسترالیا و ئێستاش لە کۆتایی کراوەی ئەمریکایە.
 
جۆکۆڤیچ کە دوو نازناوی گراند سلامی ئوسترالیا و رۆلان گارۆسی بردووەتەوە، ئەمشەو بەرامبەر دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی یارییدەکات، کە لەلای خۆیەوە کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی لە قۆناخی پێشوودا کردە دەرەوە.
 
میدڤێدێڤ کە ئەویش ساڵێکی ناوازەی هەبووە، دەیەوێت سیناریۆی یاریی کۆتایی هەمان پاڵەوانێتی لە ساڵی 2021 بەسەر جۆکۆڤیچدا دووبارە بکاتەوە کە چەکی زوو کۆنترۆڵکردنە.
 
ئەو تێنسزانە لە کۆی کاروانی وەرزشیی خۆیدا کاتێک کۆمەڵەی یەکەمی بردبێتەوە 272 جار لە کۆتایی یارییەکاندا براوە بووە، لە کاتێکدا تەنیا 28 یاریی دۆڕاندووە.
 
مێدڤێدێڤ پێشتر پێنج سەرکەوتنی بەسەر جۆکۆدا بەدەستهێناوە کە لە چواریاندا بەهۆی پێشکەوتنی لە کۆمەڵەی یەکەم، رێگەی خۆی بۆ بردنەوەی یارییەکە مسۆگەر کردووە، بەڵام چەکە کاریگەرەکەی جۆکۆ لە یارییەکەدا، توانای بەرگەگرتن و گەڕانەوەی ئەو یاریزانەیە لە یارییەکاندا و ئەمساڵیش لە کراوەی ئەمریکا، لانیکەم جارێک هەمان سیناریۆی بەسەر رکابەرەکانیدا دووبارەکردووەتەوە.