پاریس سانجێرمان دەیەوێت پێشەنگی لیگ وەن بەدەستبێنێتەوە

10-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان ستاد برێست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی پاریس سانجێرمانی پێشەنگی خولی فەرەنسی، میوانداری ساتد برێست دەکات بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی نوێ و 3 خاڵی دیکە، بەمەبەستی بەدەستهێنانەوەی  پێشەنگیی ریزبەندیی خولەکە، کە بەشێوەیەکی کاتی لای لانسە.
 
یارییەکە کاژێر 18:00 بە کاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی پارک دی پرانس بەڕێوەدەچێت، کە لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی حەوتەمدایە.
 
تیپەکەی کریستۆف گالتێ بەوپەڕی ورەبەرزییەوە ئەم یارییەی ئەنجام دەدات دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا لە یوڤێنتوسی بردەوە، لەسەر ئاستی فەرەنساش لە 6 یارییدا 16 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە هیچ یارییەکدا تووشی دۆڕان نەبووە، 5 سەرکەوتن و یەکسانبوونێکی هەیە.
 
یانەی پاریسی هیوادەخوازێت بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی بۆ ئەوەی بۆ دووەمساڵ بەسەریەوەکەوە پارێزگاری لە نازناوی لیگ وەن بکات.
 
گالتێ بۆ ئەم یارییە دەتوانێت پشت بە توانای تەواوی یاریزانەکانی ببەستێت، بێجگە لە ریناتۆ سانچێز کە تووشی پێکان بووە و ناتوانێت بەشداری لەم یارییەدا بکات.
 
ستاد برێستی رکابەری پاریس لەم یارییەدا، بە دۆخێکی خراپدا گوزەر دەکات، کە تاوەکو ئێستا لە 6 یارییدا تەنیا 5 خاڵی لە بردنەوەیەک و دوو یەکسانبوون و 3 شکست کۆکردووەتەوە و پلەی 17ـی ریزبەندیی گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە