ڤیدیۆ؛ شێرکۆ کەریم بۆ رووداو: خۆشەویستیی یانەی هەولێر هۆکاری مانەوەم بوو

10-09-2021
محەممەد کارێزی
شێرکۆ کەریم
شێرکۆ کەریم
نیشانەکردن شێرکۆ کەریم یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە و لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، بەڵێنیدا هاندەرانی  یانەکەی پایتەخت دڵخۆش بکات.

وەرزی رابردوو شێرکۆ کەریم لە خولی نایابی عێراقدا بە ئاستێکی بەرزەوە  یاری بۆ یانەی هەولێر کرد، ئەمەش وایکرد هەریەک لە یانەکانی جەوییە و زەورا هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی واژۆی ئەم یاریزانە، بەڵام دواجار شێرکۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ ماوەی وەرزێک نوێکردەوە.

شێرکۆ کەریم، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "راستە چەند یانەیەک لە هەوڵدا بوون بۆ ئەوەی گرێبەستم لەگەڵ واژۆ بکەن، بەڵام وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزم لە ریزی یانەی هەولێر پێشکەشکرد، هەروەها رێز و خۆشەویستییەکی زۆر هەیە لە نێوان من و یانەی هەولێر، بەتایبەت دەستەی کارگێڕیی و یاریزانان و راهێنەریش، ئەمەش هۆکاری مانەوەم بوو".

ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە، زیاتر گوتی "سوپاسی سەرۆکی یانە و بەڕێوەبەری تیپ دەکەم کە زۆر ماندووبوون لەگەڵم، پەنا بەخوا وەرزی ئەمساڵ دەمەوێت ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەم و چاویشم لەوەیە لە یانەی هەولێرەوە بگەمە یانەیەکی دەرەوەی عێراق". 

ئەم ئەستێرە کوردە لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق، بووەتە جێگای متمانەی دیک ئادڤۆکاتی راهێنەری هۆڵەندی هەڵبژاردەی عێراق و لە دوو یاری هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، بەشێوەیەکی سەرەکی یاریکردووە، لە یاری هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر کۆریای باشوور شێرکۆ کەریم ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و قەڵخان بوو لەبەردەم سۆن هیونگ مینی کاپتنی هەڵبژاردەکە.


شێرکۆ زیاتر گوتی "یارییەکی ئاسان نەبوو لە نێو کۆریای باشوور ئەرکت بێ بسپێرن بەرامبەر یاریزانێک کە پیشەگەرە و لە خولی ئینگلیزی یاری دەکات، لەو یارییەدا شتێکی نوێیان بەخشییە من، بەڵام توانیم سەرکەوتووبم و رکابەری یاریزان سۆنم کرد".

هەڵبژاردەی عێراق تووشی دۆڕانێکی قورس بوو لە یاری دێربی ئاسیا، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 3 گۆڵی بێوەڵام بە هەڵبژاردەی ئێران دۆڕا، ئەمەش تووڕەیی و نیگەرانییەکی زۆری شەقامی وەرزشی عێراقی بەدوای خۆی هێنا. 

تاکە یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی ئەرکیان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، روونیکردەوە "لە یاریمان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران ئاستێکی باشمان پێشکەشنەکرد، بەداخەوە هەر لە سەرتاوە گۆڵمان لێ تۆمارکرا، ئەوەش هۆکاری دابەزینی مۆراڵی یاریزانانەکان بوو، هەتا کۆتایی یارییەکەش باش نەبووین و یەکەمجارە هاندەران هەڵبژاردەی عێراق بەو شێوەیە دەبینن، بەڵام ئێمەی یاریزانان هیوامان ماوە کە لە یاری داهاتوودا بەرامبەر هەڵبژاردەی لوبنان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین".

شێرکۆ کەریم، خەڵکی شاری کەرکووکە و پێشتر لە یانەکانی شورتە و زەورا لە خولی عێراق یاریکردووە، هەروەها یاریزانی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵیمپی عێراق بووە، وەک یاریزانێکی پیشەگەر لە خولی سویسری بۆ ماوەی پێنج وەرز یاریکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە