ڤیدیۆ؛ تۆتێنهام لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ نزیکبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی تۆتێنهام، لە گواستنەوەی یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی ئینگلتەرا نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە تەواو ببن.
 
دۆمینیک سۆلانکێ، هێرشبەری ئینگلیزی و یانەی بۆرنمۆوس پەیوەندی بە یانەی تۆتێنهامەوە دەکات، گرێبەستەکەی لە قۆناخی کۆتاییدایە و کاروانەکەی دەباتە ریزەکانی یانە لەندەنییەکە.
 
یاریزانەکە ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی ئەنجامداوە، گرێبەستەکەی 65 ملیۆن پاوەندی تێدەچێت، تۆتێنهام سەرەتا 57 ملیۆن پاوەند بەشێوەی کاش دەدات، ئەوەی دیکە گۆڕانکارییە لە گرێبەستەکەدا جێگەی کراوەتەوە.
 
سۆلانکێ تەمەنی 26 ساڵە، پێشتر لە لیڤەرپوول یارییدەکرد، بە 21 ملیۆن یۆرۆ چووەتە بۆرنمۆوس و پێنج ساڵە لەو یانەیە یاریی دەکات.
 
وەرزی رابردوو لە پرێمەرلیگدا دۆمینیک 19 گۆڵی تۆمارکرد و ئەوە بووە هۆکاری سەرەکی کە تۆتێنهام داوای یاریزانەکە بکات.
 
بۆرنمۆوس بە چوونی یاریزانەکە 44 ملیۆن یۆرۆ بۆ خەزێنەکەی زیاد دەکات.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت "سۆلانکێ دوای ئەو ئاستەبەرزەی لە وەرزی رابردوودا پێشکێشیکرد، بیر لەوە دەکاتەوە جارێکی دیکە ئەزموونی یارییکردن بۆ یانەیەکی گەورە تاقیبکاتەوە، ئانج پۆستیگۆکلۆی راهێنەری تۆتێنهامیش بە تواناکانی ئەو یاریزانە سەرسامە و دەیەوێت بە گواستنەوەی دۆمینیک، لە وەرزی نوێدا بە ئاستێکی بەرزترەوە دەربکەوێت."