ڤیدیۆ؛ زێڕی بالەی کەنار دەریای خانمان بۆ بەرازیلییەکان بوو

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی خانمانی بەرازیل لە تۆپی بالەی کەنار دەریای خانماندا، میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی پاریسی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا، کە لە سێ کۆمەڵە  پێکهاتبوو، لە هەڵبژاردەی خانمانی کەنەدای بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی یەکلاکەرەوەدا، هەردوو خانمی بەرازیلی، ئانا پاتریشیا و دودا توانیان لە براندی ویلکەرسۆن و مێلیسا هومانا پارێدێسی کەنەدی ببەنەوە و یەکەم میدالیای زێڕی خانمانیان بەخشییە بەرازیل، کە ئەمە یەکەم میدالیای زێڕی خانمانە بۆ بەرازیل لە دوای ئۆڵیمپیادی ئەتلەنتا.
 
هەروەها خانمانی سویسرا پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزییان بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمدا بە دوو کۆمەڵەی یەک لەدوای یەک لە خانمانی ئوسترالیایان بردەوە.
 
هەریەک لە نینا برۆنەر و تانیا هۆربێرلی بە 39 خولەک لە تالیکوا کلانسی و ماریافی ئارتاچۆ دێل سۆلاری، خاوەنانی میدالیای زیو لە تۆکیۆیان بردەوە.
 
ئەمە دووەم ئۆڵیمپیادی هاوینە بوو لەسەریەک کە تیپێکی سویسری میدالیای برۆنزی بەدەستبهێنێت، کە لە ئۆڵیمپیادی رابردوودا جوانا هایدریچ و ئەنۆک ڤیرگ دیبری پلەی سێیەمیان لە تۆکیۆ بەدەستهێنا.
 
لە کێبڕکێی تۆپی باسکەى خانماندا، هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسا گەیشتە یاریی کۆتایی ئۆڵیمپیادى پاریس، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر میدالیای زێڕ بکات، دوای ئەوەی توانی بە ئەنجامى 82-75 خاڵ لە هەڵبژاردەی خانمانی بەلجیکاى دراوسێى بباتەوە.
 
گابی ویلیامز لە کاتی زیادکراودا 9 خاڵی بەدەستهێنا و لە یارییەکەدا 18 خاڵی بۆ فەرەنسا تۆمارکرد و سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی کرد بەرەو یاریی کۆتایی، کە فەرەنسا لە ئۆڵیمپیادی لەندەنی 2021 میدالیای زیوی بەدەستهێنا دوای ئەوەی بە ئەمریکا دۆڕا.
 
لە یارییەکەی دیکەی قۆناخی پێش کۆتاییدا هەڵبژاردەی ئەمریکا بە ئەنجامی 85-64 لە ئوسترالیای بردەوە و لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی فەرەنسا دەبێتەوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی خانمانی بەلجیکا بۆ بەدەستهێنانی میدالیای برۆنز بەرامبەر ئوسترالیا یاری دەکات.