رووداو دیجیتاڵ
ئیمان خلیف، بۆکسێنەری جەزائیری جیهانی سەرسامکرد و میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی لە یاریی بۆکسێندا بۆ ئاستی خانمان بەدەستهێنا.
لە یاریی کۆتایی یارییەکەدا لە کێشی 66 کیلۆگرامیدا، ئیمان خلیف بەرامبەر یانگ لیۆی چینی یارییکرد، یاریگە پڕبوو لە هاندەری جەزائیری و هەمووان بۆ پاڵپشتی ئیمان خلیف هاتبوون.
لە یارییەکەدا بۆکسێنەرە جەزائیرییەکە هیچ هەلێکی نەدایە رکابەرە چینییەکەی بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و 5-0 یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
ئیمان خلیف، ئەو بۆکسێنەرە جەزائیرییە کە بەهۆی ئەوەی لە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا ناوبانگێکی زۆر گەورەی پەیداکرد کاتێک ئانجێلا کارینی ئیتاڵی و رکابەری بەبیانووی ئەوەی هۆرمۆنی تێستیسترۆن لە ئیمان خلیفدا زۆرە خۆی لە رکابەرییەکە کێشایەوە، ئیدی ئەو رووداوە ئیمانی کردە رکابەرێکی بەهێز و ناوێکی دیار.
ئیمان خلیف تەمەنی 25 ساڵە، یەکەمجارە بەشداری لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا دەکات و لە یەکەم بەشداریکردنیدا میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
لە سێ یاریی کۆتایی دیکەی بۆکسێندا، وو یوی چینی لە پێشبڕکێی کۆتایی 50 کیلۆگرامی خانماندا لە بوسی ناز کاکیرۆغلوی تورکیای بردەوە و ئۆزبەکستانیش دوو میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
لە یاریی کۆتایی کێشی 71 کیلۆگرامی پیاواندا، ئەسەدخۆیا مویدنخۆیڤ لە مارکۆ ڤێردی مەکسیکی بردەوە. لە یاریی کۆتایی کێشی 92 کیلۆگرامی پیاوانیش، لازیبێک مۆلۆجنۆڤ لە لۆرن ئەلفۆنسۆی ئازەربایجانی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ