فیفا ئاهەنگێک بۆ رۆژی جیهانیی گەلانی رەسەن رێکدەخات

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، ئاهەنگێکی بۆ رۆژی جیهانیی گەلانی رەسەن لە ئوسترالیا رێکخست، کە ئێستا ئەو وڵاتە بە هاوبەشی لەگەڵ نیوزیلەندا میوانداری جامی جیهانی خانمان دەکات.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە رۆژی جیهانیی گەلە رەسەنەکانی جیهاندا، کە لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوەدەچێت، پەیامێکی روونی بۆ جیهان نارد و دووپاتیکردەوە کە وەرزش بۆ هەمووان دەستکەوتە.
 
فیفا بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاهەنگێکی لە شاری سیدنی لە ئوسترالیا سازکرد، بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی رۆژی گەلانی رەسەن، کە هاوکاتە لەگەڵ رێکخستنی مۆندیالی خانمان لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا.
 
هۆزەکانی ماوری کە نوێنەرایەتی خەڵکی رەسەنی نیوزلەندا دەکەن، بەشدارییان لە رێوڕسمەکەدا کرد، کە ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا لە وتارێکدا، کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکێشی کرد و گوتی "هەستێک هەیە کە ئەم پاڵەوانێتییەی مۆندیال فاکتەرێکی بەهێزە بۆ یەکگرتوویی هەموو گەلان".