تایبەت بە رووداو.. یاریزانە کوردەکان چییان بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوت؟


رووداو دیجیتاڵ

لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شا سەلماندا، یانەی شورتەی عێراقی کە سێ یاریزانی کورد یاریی بۆ دەکەن، بەرامبەر یانەی نەسڕی سعودی دۆڕا کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتیی دەکات و لە دوای یارییەکەش یاریزانە کوردەکان چاویان بە کریستیانۆ کەوت و گفتوگۆیان کردووە.
 
یاسین کەریم، گۆڵپارێزی دووەمی یانەی شورتەیە و لە دوای یارییەکە لە نزیکەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆی بینیووە و قسەی لەگەڵ کردووە، ئەو لەبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تاوەکو لە نزیکەوە کریستیانۆ نەبینیت نازانیت چەند کەسایەتییەکی تایبەت و هەیبەتی هەیە، نزیکبوونەوە لە رۆناڵدۆ تەنانەت بۆ یاریزانەکانیش زۆر قورسە، چونکە هەمیشە لەنێو یاریگەدا لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکان چاودێرییەکی تووندی دەکرێت."
 
یاسین بە رووداو گوت "بە کریستیانۆ رۆناڵدۆم گوت، خولەکێک کاتم پێبدە و ئەویش پێیگوتم دواتر وەرە لام، بەڵام پێمگوت ئێمە دەگەڕێینەوە هۆتێل و دوای ئەوەش دەچینەوە عێراق بۆیە زەحمەتە یەکدی ببینینەوە، بۆیە با وێنەیەکی یادگاری بگرین، لەو کاتەدا کریستیانۆ پێیگوت زۆر خوێن شیرینیت وەرە با وێنە بگرین، بەڵام گوتی ئەی کوا کامێراکەت، منیش پێمگوت ئەوەتا لەو سەری یاریگەیە، رۆناڵدۆ بەپێکەنینە پێیگوت واو زۆر دوورە، منیش پێمگوت ئارامبگرە ئێستا دەگات."
 
گۆڵپارێزە کوردەکەی یانەی شورتەی پاڵەوانی خولی عێراق زیاتر گوتی " بە زمانی ئینگلیزی قسەم لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد و پێم گوت لەبیرت نەچێت تۆ لەلای ئێمە باشترین یاریزانی جیهانیت، رۆناڵدۆ لەبەرامبەر ئەو قسەیەم دەستی خستە سەر سینگی پێیگوتم زۆر سوپاس براکەم، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم."
 
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد زێرۆ، یاریزانی کوردی یانەی شورتە، وێنەیەکی خۆی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "لەگەڵ دووەم باشترین یاریزانی مێژوو"، لەبارەی ئەو وێنەیەوە ئەحمەد زێرۆ بە رووداوی گوت "خۆشحاڵبووم لە نزیکەوە رۆناڵدۆم بینی، بەڵام هیچ قسەیەکی وام لەگەڵی نەکرد، تەنیا وێنەیەکمان بەیەکەوە گرت"
 
ئەحمەد لە وەڵامی ئەو پرسیارەی رووداو کە بۆچی نووسیوویەتی "لەگەڵ دووەم باشترین یاریزانی مێژوو "؟ گوتی "لای من لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی مێژووە و زۆر ئەو یاریزانەم خۆشدەوێت."
 
لە یارییەکەی نێوان شورتە و نەسڕ کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاکە گۆڵی نەسڕی بەلێدانی سزا تۆمارکرد و یانەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی شا سەلمان، ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری کوردی یانە عێراقییەکە لەنیوەی یەکەمدا یارییکرد و بە خەونی یارییکردنی بەرامبەر رۆناڵدۆ گەیشت.
 
بەر لە یارییەکە محەممەد رۆستەم، برای ئاسۆ رۆستەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو خەونی ئاسۆ رۆژێک لە رۆژان ئەوەبوو وێنەیەک لەگەڵ رۆناڵدۆ بگرێت، بەڵام ئێستا وەک رکابەرێک بەرامبەر ئەو ئەستێرە جیهانییە یارییدەکات."
 
دوای یارییەکەش ئاسۆ رۆستەم، وێنەیەکی خۆی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی "پاشا".