ڤیدیۆ؛ ئینێستا لە ئیمارات ناسێنرا

رووداو دیجیتاڵ

 

لە شاری رەئس ئەلخەیمە، یانەی ئیماراتی ئیماراتی یاریزانە نوێیەکەی، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئاندرێس ئینێستای پێشکێش بە میدیاکان کرد.
 
براوەی جامی جیهانی 2010 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە مانگی تەمموزدا ریزەکانی یانەی ڤیسێل کۆبی ژاپۆنی بەجێهێشت، دوای ئەوەی 134 یاری لەگەڵ یانەکە ئەنجامدا و هاوکاریی کرد بۆ بردنەوەی جامی ئیمپراتۆری ژاپۆن 2019 و جامی سوپەری ژاپۆنی 2020.
 
ئاندرێس ئینێستا گرێبەستەکەی واژۆکرد و دواتر درێسی یانەی ئیماراتی بەرزکردەوە و کە ژمارە 8ـی پێدراوە.
 
ئینێستای تەمەن 39 ساڵ زۆربەی کاروانی یاریکردنی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بەسەربردووە، بەو پێیەی لە ساڵی 2000 لەگەڵ تیپی دووەمی بارسا دەستی بە یاریکردن کردووە، دواتر لە ساڵی 2003 رووی لە تیپی یەکەم کردووە و تاوەکو ساڵی 2018 لەگەڵیدا ماوەتەوە.
 
ئینێستا لەو ماوەیەدا لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداری کردووە لە بردنەوەی 32 نازناو، دیارترینیان 4 جار بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بوو، 9 جار نازناوی خولی ئیسپانیای بەدەستهێنا، لە ساڵی 2018 رووی لە ڤیسێل کۆبی کرد و پێنج ساڵ لەوێ بوو.
 
یانەی ئیمارات وەرزی نوێی خولی پیشەگەری ئادنۆکی ئیماراتی بە یارییکردن بەرامبەر یانەی وەسل دەستپێدەکات و یارییەکە لە 19ـی ئەم مانگە دەکرێت.