یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکی.. ئەو یاریگایەی ئەمشەو میوانداریی جامی سوپەری ئەوروپا دەکات

10-08-2022
ئیحسان تاهیر
یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکی
یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکی
نیشانەکردن یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکی جامی سوپەری ئەوروپا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکی لە پایتەختی فینلاند میوانداری یاریی جامی سوپەری ئەوروپای 2022 لە نێوان ریال مەدریدی ئیسپانی و ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەکات.
 
یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکی، یەکێکە لە یاریگە جوانەکانی ئەوروپا، یاریگایەکی فرە بەکارهێنانە و دەکەوێتە شاری هێلسنکی، زۆر لە یارییە وەرزشییەکانی تێدا دەکرێت، بەڵام زیاتر بۆ یارییەکانی تۆپی پێ بەکاردێت. 
 
یاریگاکە، کە جێگەی 42062 هاندەر دەکاتەوە، یاریگای فەرمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی فینلاندە و یارییە نێودەوڵەتییەکانی تێدا ئەنجام دەدات. 
 
یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکی، لە ساڵی 1938 کراوەتەوە و لە ساڵی 2005 نۆژەن کراوەتەوە، دواتر لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020 دیزاینێکی سەردەمانەی بۆ کراوەتەوە و بووە بە شاکارێکی جوانی پایتەختی فینلاند.
 
بە تەنیشت یاریگای ئۆڵیمپی هێلسنکییەوە تاوەرێکی چاودێری بەرزدەبێتەوە، کە بەرزییەکەی 72.71 مەترە، هەمان ئەو مەودایەیە کە ماتی یارڤینن، خاوەن مەدالیای زێڕی ساڵی 1932 رمەکەی فڕێدا، ئەم یاریگایە میوانداری یارییەکانی ئۆڵیمپیادی 1952ـی کردووە، هەروەها میوانداری هەردوو پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدان و هۆکی سەر شەختەی جیهانی کردووە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، دیمەنەکانی یاریگای هێلسنکی بڵاوکردووەتەوە، کە یاریگاکە بەتەواوی ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی یاریی جامی سوپەری ئەوروپا لە نێوان پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، کە لەنێو و دەرەوەی یاریگەکەدا بانەرەکانی پەیوەست بە پاڵەوانێتییەکە لە تەنیشت لۆگۆی هەردوو یانەکە دانران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە