تۆ باشترین یاریزانی جیهانی؟ کەریم بنزیما وەڵامدەداتەوە

10-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما باڵۆن دۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، کاپتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئامادە نییە خۆی بە باشترین یاریزانی جیهان بناسێنێت، دەشڵێت "دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ گۆڵی زیاترم کردووە، بەڵام کریستیانۆ زۆر یارمەتی داوم".
 
بەر لە ئەنجامدانی یاریی جامی سوپەری ئەوروپا، کە ئەمشەو کاژێر 22:00 لە هێلسنکی پایتەختی فینلاند، ریال مەدرید و ئاینتراخت فرانکفۆرت کۆدەکاتەوە، کەریم بنزیما لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی ئەو یارییەی کرد و ئامادەباشیی خۆی و هاوڕێکانی بۆ ئەو یارییە دووپاتکردەوە.
 
لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانیەدا، پرسیاری ئەوە لە کەریم کرا کە دوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید ئەو باشتر یاری دەکات؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "سەبارەت بە گۆڕانی رۆڵی من لە تیپەکەماندا لە دوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، من له‌گه‌ڵ ئێوە هاوڕام كه‌ دوای رۆیشتنی كریستیانۆ دۆخه‌كه‌م گۆڕاوە، من گۆڵی زیاترم تۆماركرد، كاتێك ئەو لێرە بوو ئاست و رۆڵم جیاواز بوو، من یاریده‌ده‌ری ئەو بووم، به‌ڵام رۆناڵدۆ له‌ نێو یاریگا و ده‌ره‌وه‌ی یاریگادا زۆر یارمه‌تی ده‌دام، کە زانیم ئەو دەڕوات، زانیم کاتی ئەوە هاتووە کە من گۆڵی زیاتر بکەم، ناچار بووم شێوازی یاریکردنم بگۆڕم و لەو ماوەیەدا باشتربووم".
 
کاتێکیش لێیانپرسی تۆ باشترین یاریزانی جیهانی، بەر لەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بدرێت؟ ئەو گوتی "نازانم من باشترین یاریزانی جیهانم یان نا، تەنیا شتێک کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە هەموو ساڵێک زۆرترین وزە و هێز دەبەخشم بە یانەکەم".
 
ئەو هەروەها گوتیشی "من لەم تیپەدا مامەوە، چونکە پێموایە باشترین تیپی جیهانە، هەموو ساڵێک لەگەڵیدا باشتر دەبم، راستە ساڵی رابردوو بۆ من لەسەر ئاستی تاکەکەسی زۆر باش بوو، بەڵام سەبارەت بەوەی ئایا من باشترین یاریزانم لە جیهاندا، ئەوە بۆ خەڵکی دیکە جێدەهێڵم، با ئەوان بڕیار بدەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە