لیڤاندۆڤسکی نایەوێت رووبەڕووی بایرن میونشن ببێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنا، ئاشکرایکرد کە نایەوێت لە وەرزی 2022-2023ـی چامپیۆنزلیگدا، رووبەڕووی یانەی پێشووی، بایرن میونشنی ئەڵمانی ببێتەوە.
 
هێرشبەرە پۆڵەندییەکە لەم هاوینەدا ریزەکانی یانەی باڤاری جێهێشت لەپێناو پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی کەتەلۆنییەوە، بە گرێبەستێک کە بەهاکەی زیاتر لە 45 ملیۆن یۆرۆ بوو، جگە 5 ملیۆنی دیکەش وەک گۆڕانکاری، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیشی نیو ملیار یۆرۆیە.
 
لیڤاندۆڤسکی لە لێدوانێکی نوێیدا، ئاشکرایکرد کە حەزناکات رووبەڕووی یانە کۆنەکەی ببێتەوە و گوتی "رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن مەرج نییە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بێت لە چامپیۆنزلیگدا".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، لیڤا گوتیشی "نازانم هاندەرانی بایرن لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا چۆن پێشوازیم لێدەکەن، هیوادارم ئەرێنی بێت، تەنیا یادگاری خۆشم دەبن لە ماوەی یاریکردنم لە بایرن میونشن، چیرۆکەکەم لەگەڵ بایرن میونشن هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە".
 
لیڤا ئاماژەی بەوەشکرد "دووانەی مانێ و نابری زۆر جیاواز دەبێت، پێموایە لەم وەرزەدا نابری و مانێ هەریەکەیان دەتوانێت 20 گۆڵ تۆمار بکەن".
 
هێرشبەری نوێی بارسا، هەروەها گوتی "بایرن میونشن کە دانوستاندنی لەگەڵ هالاند کرد، ئەوە کێشە نەبوو بۆ من، بەڵام من رۆیشتم، چونکە ویستم خەونەکەم بەدی بهێنم".
 
لیڤاندۆڤسکی لە کۆتایی قسەکانیدا، باسی چاڤی هێرناندێزی راهێنەریشی کرد و بە پێپ گواردیۆلای راهێنەری پێشووتری چواند و گوتی "چاڤی تا راددەیەکی زۆر بە گواردیۆلا دەچێت، وەک یەک سەیری تۆپی پێ دەکەن".