جامی سوپەری ئەوروپا.. ریال مەدرید بۆ دووپاتکردنەوەی پاشایەتییەکەی و فرانکفۆرتیش بۆ مێژوو یاری دەکات

10-08-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید ئاینتراخت فرانکفۆرت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید یەکەم یاریی فەرمی خۆی لە وەرزی نوێدا دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپاوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزێکی درێژ و پڕ رکابەری، کاتێک رووبەڕووی یانەی ئاینتراخت فرانفکۆرتی ئەڵمانی دەبێتەوە.
 
پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن، ئەمە یەکەم یاریی فەرمی نێوان هەردوو یانەیە، دوای یارییە بەنێوبانگەکەیان لە 1960 کە تێیدا یانە ئیسپانییەکە 7-3 یارییەکەی بردەوە و ئەو کاتە بۆ جاری پێنجەم بووە پاڵەوانی ئەوروپا.
 
ریال مەدرید تەنیا دوو گۆڕانکاریی لە تیپەکەیدا کردووە و هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر و ئورلیێن چوامینی گواستووەتەوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی لە تیپەکە رۆیشتن، کە دیارترینیان گارێس بەیڵ و مارسێلۆن، لەگەڵ ئەوەشدا یانەی شاهانە بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت ستۆپێک بە یانە ئەڵمانییەکە بکات و بۆ جاری پێنجەم لە مێژوویدا نازناوەکە بباتەوە و ژمارەی نازناوەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا و ئەیسی میلانی خاوەنی زۆرترین نازناو یەکسانبکاتەوە.
 
چەکی بەهێزی ریال مەدرید هاوشێوەی یارییەکانی وەرزی رابردوو، کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسییە کە بووە گۆڵکاری لالیگا و چامپیۆنزلیگ، بۆ یارییەکەی ئەمشەویش وەک گورگێکی برسی چاودێری گۆڵی یانە ئەڵمانییەکە دەکات، بۆ ئەوەی لە بچووکترین هەلدا پەلاماری بدات و یانەکەی بە جامی سوپەری ئەوروپاوە بگەڕێنێتەوە مەدرید.
 
لە بەرامبەردا یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرت، بەبێ فیلیپ کۆستیچ، ئەستێرەی سێربی چووەتە فینلاند و ئەو یاریزانە ئیدی پەیوەندی بە یانەی یوڤێنتوسەوە دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەونێکیان هەیە 90 خولەک لەپێناویدا تێدەکۆشن.
 
یانەکەی فرانکفۆرت وەرزی رابردوو دوو لە هەموو پێشبینییەکان بارسێلۆنای لە یۆرۆپالیگ کردە دەرەوە، دوای ئەوەش تاوەکو بردنەوەی نازناوەکە نەوەستا، ئێستا چاوی لەوەیە مێژوویەکی دیکە تۆماربکات، لە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بباتەوە و بۆ یەکەمجار ببێتە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەوروپا، بەڵام دۆڕاندنیان بەرامبەر بایرن میونشن لە یەکەم یاریی وەرزی نوێدا لە یاریگەی خۆیاندا پرسیاری زۆری لەسەر توانای ئەو یاریزانە بۆ یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید دروستکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنچێلۆتی تیپەکەی پایتەختی ئیسپانیا نایانەوێت هیچ بوارێک بە تیپە ئەڵمانییەکە بدەن، بۆ ئەوەی سیناریۆی بەرامبەر بارسێلۆنا دووبارە نەبێتەوە کە زۆر زەحمەتە.
 
دوایینجار ریال مەدرید لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپادا دۆڕابێت، لە 2018 بوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئاینتراخت دەبێتە ئاتلێتیکۆ مەدریدێکی دیکە و لۆس بلانکۆس سەرسوڕمان دەکات یان نا، ئەمشەو لە هێلسنکی وەڵامی پرسیارەکە وەردەگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە