7 یاریزانی کورد بەشداری لە پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی عەرەبیدا دەکەن

10-08-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی عەرەب
A+ A-

رووداو دیجیتال 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە یارییەکانی پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەبی لە ئوردن دەسپێدەکات و هەڵبژاردەی عێراق بە پشتبەستن بە ژمارەیەک وەرزشوانی هەرێمی کوردستان چاوی لە نازناوی پاڵەوانێتیەکەیە. 

یارییەکانی وڵاتانی عەرەبی بە بەشداری 12 وڵاتە و رکابەرییەکان هەفتەیەک بەردەوامدەبن، هەڵبژاردەی عێراق بە شاندێکی 25 کەسی بەشدارە لەسەر ئاستی کوڕان و کچان کە حەوتیان کوردن. 

بەشدار سەربەست، کارگێڕی شاندی هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی عێراق لە ئوردن لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ هەڵبژاردەی عێراق رکابەرییەکی بەهێز لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکات، هەروەها لەسەر هەموو ئاستەکان بەشداریمانکردووە". 

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکێتی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەبی چاودێرییەکی چڕی شاند و میوانانی پاڵەوانێتییەکە دەکات، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی یاریزانانەکان.

سەربەست روونیشکردەوە "هەموو مەرجەکانی سەلامەتی و دووربوون لە مەترسییەکانی کۆرۆنا جێبەجێدەکرێن، ئێمەش کارێکی وامان کردووە کە یاریزانانمان لە کەش و هەوایەکی زۆر تەندروست و ئاسوودە یارییەکانیان بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدەن". 

یاری تۆپی سەرمێز بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، یەکێتیی تۆپی سەرمێزی جیهان لە 1926 دامەزراوە، لە 1988 یارییەکە چووەتە نێو یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە