چیرۆکی مانچێستەر سیتی و هاری کەین کۆتاییهات

10-08-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هاری کەین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راهێنەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە هاری کەینی هێرشبەری ئینگلیزی، ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت، گوتیشی "هاری کەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی ئامادەیە".

بەدرێژایی ئەم هاوینە، بەرپرسانی یانەی مانچێستەر سیتی هەوڵیاندا گرێبەست لەگەڵ کەین بکەن، بەڵام سەرۆکی یانەی تۆتێنهام بووە بەربەست لە رێگەی واژۆکردنی ئەو گرێبەستە، سەرەڕای ئەوەی خودی یاریزانەکە زۆر هەوڵیدا یانەکەی رێگەی پێبدات بڕوات، تەنانەت بەفەرمی داوایەکی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشی دانیێل لیڤیی سەرۆکی تۆتێنهام کرد، بەڵام ئەو رازی نەبوو.

لە کاتێکدا کە میدیاکانی بەریتانیا باس لەوە دەکەن کە هێشتا مانچێستەر سیتی بێهیوا نەبووە و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەین، نونۆ سانتۆی راهێنەری یانەی لەندەنی کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا و دووپاتیکردەوە کە هێرشبەرەکەیان لەگەڵیاندا بەردەوام دەبێت.

ئەو راهێنەر دووپاتیکردەوە کە هیچ گومانێک لەسەر مانەوەی کەین لە تۆتێنهام نییە و گوتی "کەین لە تۆتێنهام ناڕوات، تەنانەت بۆ یاریی مانچێستەر سیتی ئامادەیە". ئەو گوتیشی "هەموو ئەو یاریزانانەی کە لە مەشقەکاندا سەلماندوویانە کە ئامادەن، بژاردەن بۆ بەشداریکردن لە یەکەم یاریی ئەم وەرزەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی".

رۆژی یەکشەممە 15ـی ئەم مانگە، لە یەکەم گەڕی وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا، مانچێستەر سیتی دەبێتە میوانی تۆتێنهام، کە هاری کەین و هاوڕێکانی هەوڵدەدەن لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری نوێیان، بە بردنەوە لە پاڵەوانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ، دەستپێکێکی باشیان لەم وەرزەدا هەبێت.

نونۆ سانتۆ، پێشتریش رایگەیاندبوو، کە هاری کەین ناچێتە هیچ یانەیەک و چاوەڕێی دەکەن ئەمساڵ خۆی و هاوڕێکانی تیپێکی رکابەربن لە پرێمەرلیگدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە