دۆگلاس کۆستا وەک جێگرەوەی جادۆن سانچۆ

رووداو - دیجیتال 

یانەی مانچێستەر یونایتد لە ئەگەری شکستهێنانی گواستنەوەی جادۆن سانچۆی یاریزانی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، ئەو پەنا بۆ گواستنەوەی دۆگلاس کۆستای یاریزانی یانەی یوڤێنتوس دەبات.

ئەگەر ئەمڕۆ سانچۆ نەبێتە یاریزانی مان یونایتد، ئەوا ئیدی مان یونایتد بۆی نییە دانوستان لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند بکەن، چونکە کاتەکەیان تەواودەبێت و بەسەردەچێت.

بۆیە مان یونایتد لە ئێستاوە بیر لە گواستنەوەی دۆگلاس کۆستای یاریزانی یانەی بەرازیلی و یانەی یوڤێنتوس دەکاتەوە، چونکە ئەو یاریزانە خراوەتە لیستی فرۆشتنەکانی یانە رەش و سپییەکەوە.

بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، یانەی مان یونایتد بەجددی بیر لەو یاریزانە دەکەنەوە، چونکە هەم تێچووی گواستنەوەکەی کەمە و هەم ئاسانتریشە بۆ گواستنەوە و یانەی یوڤێنتوسیش بەدوای کڕیارێکدا دەگەڕێت.

دوای ئەوەی ئاندریا پیرلۆ بووە راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، میدیاکان باس لەوەدەکەن کە ئاندریا دەیەوێ 10 یاریزانی بەڕێبکات و یەکێک لەو یاریزانانەش دۆگلاس کۆستایە کە مووچەیەکی زۆر لەو یانەیە وەردەگرێت و سوودێکی ئەوتۆشیان لە تواناکانی وەرنەگرتووە بەهۆی ئەو هەموو پێکانەی کە تووشی دەبێت.