ڤیدیۆ؛ خەڵاتەکانی ئەمجارەی رووداو بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و خوێندکاران بوون

11-07-2024
ئیحسان تاهیر
بەرنامەی یۆرۆی 2024
بەرنامەی یۆرۆی 2024
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024 یۆرۆی 2024 فیۆرێنتینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یۆرۆی 2024 گەیشتە یاریی کۆتایی و رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بەردەوامە، کە رووماڵی ئەمجارە رووماڵێکی بەرفراوان بوو، رووماڵی دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی  پاڵەوانێتییەکەی بوو، کە تێیدا ئینگلتەرا لە هۆڵەندای بردەوە و بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستهێنا و رۆژی یەکشەممە لە بەرلین یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 بەرامبەر ئیسپانیا دەکات.
 
دووەم رۆژی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی 2024 رۆژی دەرکردنی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بوو، کە لە دواخولەکدا بە ئینگلتەرا دۆڕا، بە ئەنجامی 2-1.
 
بێوار عیزەت، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، میوانی تایبەتی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداو بوو، ئەو جگە لەوەی باسی کارە هونەرییەکانی کرد و گۆرانییەکیشی گوت، باسی وەرزش و یارییەکانی یۆرۆشی کرد
 
یارییەکی زۆر بەهێز بەڕێوەچوو، و شرۆڤەی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یۆرۆی 2024 بەردەوام بوو، و بەشداربووانی پلاتفۆرمەکانی رووداویش وەک هەموو رۆژێک 5 خەڵاتی بە نرخی رووداویان بردەوە.
 
ميوانی تایبەتی رووماڵەکەی رووداو لە ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداو، لەگەڵ هاندەران سەیری یاری کرد و خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.

 

 
سامان وڵاتژێری وەک هەمیشە لە رێگەی سێ بووڵتەن لە کاژێرەکانی 08:30 و 13:30 و 16:40ـەوە  هەموو زانیارییە پێویستەکانی سەبارەت بە هەردوو یارییەکە بە بینەران و بەشداربووانی رووداو دا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو.
 
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو، لە چەند بووڵتەنێکی رووداودا، لە شاری دۆرتموندەوە لە ئەڵمانیاوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و هۆڵەندا قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد. 
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، بێوار عیزەت، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە بەرنامەی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی تۆڕی میدیایی رووداوی نیشاندا و باسی لەوە کرد کە سەیری هەموو یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
ئەو گۆرانیبێژە گەنجە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو هاندەری سویسرایە، چونکە لە سویسرا ژیاوە و هاوڵاتییەکی سویسرییە. گوتیشی "سویسرا تیپێکی باشی هەبوو، بەڵام بەرامبەر ئینگلتەرا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە دەرچوو، کە تێیدا شانس رۆڵی خۆی دەبینێت".
 
ئەو هەروەها باسی لە بواری هونەری کرد و گوتی "ئێستا تا راددەیەک لە بواری هونەر دوورکەوتوومەتەوە، چونکە بەداخەوە لەم وڵاتە رێز لە بوارەکە ناگیرێت".
 
ئەو کە بە قسەی خۆی هیچ هیوایەکی بە دواڕۆژی هونەر لەم وڵاتەدا نییە، ئاماژەی بەوە کرد کە مەرج نییە تێکستی گۆرانییەکانی گوزارشت لە ژیانی راستەقینەی خۆی بکەن.
 
بێوار عیزەت کە بە گۆرانی "مەرجان مەرجانێ" ناسراوە، لەنێو ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداودا گۆرانییەکەی گوت و پێشکێشی ئامادەبووان و بینەرانی رووداوی کرد.

 

 
لە دووەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆدا، یارییەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوو، کە لە کاژێر 22:00 لە نێوان ئینگلتەرا و هۆڵەندا ئەنجامدرا، کە لەسەر یاریگەی سیگناڵ ئیدۆنا پارک لە شاری دۆرتموند بەڕێوەچوو، و ئینگلتەرا بە ئەنجامی 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بلیتیێکی یاریی کۆتایی بردەوە.
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەیەکی وردی یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە کەسیان لاری لەوە نەبوو کە ئینگلتەر شایەنی سەرکەوتن بوو.
 
سەرمەد سامح، هەر زوو و بەر لە یارییەکە پێشبینی کردبوو ئینگلتەرا ئەم یارییە بە ئاستێکی بەرز دەربکەوێت و گوتی "دەمزانی ئەمجارە ئینگلتەرا باشتر لە هۆڵەندا یاری دەکات و قسەکانم راست دەرچوون".
 
ئەڵمان عارف، بەهەمانشێوە گوتی "ئینگلتەرا باشترین یاریی خۆی لەم یۆرۆیەدا ئەنجامدا و ساوسگەیتی راهێنەریش ئیدارەدانێکی باشی بۆ یارییەکە هەبوو".
 
کامەران نەسرەدین، گوتی "ئینگلتەرا بە شایستەیی بردەوە، بەڵام بە رێگایەکی ئاساندا هاتووە".
 
کامەران هەروەها رەخنەیەکی تووندی لە ساوسگەیت گرت و گوتی "ئەگەر ساوسگەیت یۆرۆش بباتەوە هەر بۆ ئینگلتەرا باشترە ئەو راهێنەرە بڕوات". 
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران بەڕێوەچوو.
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، لە دۆرتموندەەوە و دوای تەواوبوونی یاریی ئینگلتەرا و هۆڵەندا، بۆچوونی هاندەرانی ئینگلتەرای وەرگرت، کە لە بەردەم کامێرای رووداودا ئاهەنگیان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان گێڕا و لە رێگەی مایکی رووداوەوە بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە یارییەکە خستەڕوو.
 
لەم رووماڵەدا، رووداو دوو خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پەیامنێری رووداوەوە بوو، کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.

 

 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، پەیامنێری رووداو، محەممەد کارێزی لە هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێک خانمە هاندەری تۆپی پێ سەیری یارییەکەی کرد و دواتر بە راکێشانی تیروپشک، خەڵاتی 'ئایپادی رووداو' درایە مەستان شاسوار، کە تەمەنی 19 ساڵە، خەڵکی سلێمانییە و لە هەولێر دەژیت، قوتابی ئامادەییە.
 
هەروەها دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، ئەمجارە بووە بەشی دەشتی عەلی ئەحمەد لە کەلار. کە تەمەنی 17 ساڵانە، خوێندکاری پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییە. 
 
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە کفری، بۆ بەخشینی خەڵاتی 'مۆبایلی زیرەکی رووداو' چووە نێو بازاڕی شارەکە، کە کۆمەڵێک گەنج پێکەوە سەیری یارییەکەیان دەکرد و میوانداری هونەرمەندی گەنجی شارەکە، هاوتا سابیری کرد و گۆرانییەکی عەلی مەردانی کردە دیاری بینەرانی رووداو، و هاوتا تیروپشکی راکێشا و خەڵاتەکە بەر ئەڵەند سەیوان کەوت، کە هاندەری هۆڵەندا بوو.
 
شتێکی سەرنجڕاکێشی ئەم رووماڵە هاتنی گەنجێک بوو لە شاری رانیەوە بەتایبەت بۆ ئامادەبوون لە بەرنامەی یۆرۆی 2024، کە سوپاسی رووماڵی رووداوی کرد و گوتیشی هاندەری پۆرتوگالە بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەڵام بەداخەوە کە ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کردووە.
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و ئەحمەد سەباح، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یارییەکە کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی ئەو یارییەی نێوان ئینگلتەرا و هۆڵەندا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا. خەڵاتی ئەمشەوی لیرەی زێڕ، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. بۆ حوسێن محەممەد دەرچوو، کە خەڵکی دهۆکە و خاوەن پێداویستی تایبەتە.
  
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری دلێر ساڵح حەمەد عەلی بوو، کاسبە و تەمەنی 42 ساڵە. ئەو بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کردبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە