ریال مەدرید وادەی ناساندنی کیلیان ئێمباپێی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی، وادەی ناساندنی کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی نوێی یانەکەی راگەیاند.
 
یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 16-7-2024 کاژێر 12:00 بەکاتی ئیسپانیا و کاژێر 13:00 بەکاتی باشووری کوردستان، کیلیان ئێمباپێ وەکو یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە میدیاکان دەناسێنرێت.
 
بەر لە ناساندنی یاریزانەکە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە شاری وەرزشی یانەکە پێشوازی لە کیلیان ئێمباپێ دەکات و بەیەکەوە واژۆ لەسەر ئەو گرێبەستە پێنج ساڵییە دەکەن، کە لەنێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەر کراوە.
 
دوای ئەوە یاریزانەکە لەنێو پێشوازییەکی گەورەدا بە میدیا و هاندەران دەناسێنرێت، ئێمباپێ بەدرێسی ژمارە 9ـەوە دەچێتە نێو یاریگە و چەند نمایشێک بە تۆپ ئەنجامدەدات، دوای ئەوەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان دەداتەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 رۆیشتنی لە یانەی پاریس سانجێرمان راگەیاند، دوای ئەوە ریال مەدرید بەفەرمی رێککەوتنی لەگەڵ یاریزانە فەرەنسییەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ راگەیاند.
 
دوای کرانە دەرەوەی فەرەنسا، لە یارییەکانی یۆرۆی 2024 کیلیان ئێمباپێ گوتی "پێویستیم بە پشوو هەیە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بۆ قۆناخی نوێ ئامادەبم."
 
پێشتر ئێمباپێ رایگەیاندبوو، یارییکردن بۆ ریال مەدرید لای ئەو وەکو خەونێکە و ئێستا خەریکە دەبێتە راستی.