ڤیدیۆ؛ یەکەم لێدوانی ئێمباپێ دوای کرانە دەرەوەی فەرەنسا لە یۆرۆدا

10-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یۆرۆی 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسا، دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر ماڵئاواییکردنیان لە یۆرۆدا پێشاندا و دەڵێت "بەشداریکردنەکەمان شکستخواردبوو و ئاستی منیش وەک پێویست نەبوو."
 
ئێمباپێ دوای دۆڕانیان بەرامبەر ئیسپانیا لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "شتێکی زۆر قورسە، ئەمە شکستە، ئێمە دەمانویست ببینە پاڵەوانی ئەوروپا، من ویستم ببمە پاڵەوانی ئەوروپا، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەکرد، لەو روانگەیەوە بۆ ئێمە پاڵەوانێتییەکی شکستخواردوو بوو، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە، دەبێت چاوت لە هەنگاونان بەرەوپێشەوە بێت، لە راستیدا پێموایە وەرزەکە درێژ بوو، دەچمە پشوو و پشوو دەدەم، ئەوە بۆ من باش دەبێت و هەوڵدەدەم بەبەهێزترین شێوە بگەڕێمەوە."
 
کیلیان دەڵێت "زۆر زەحمەتە بتوانیت لە هەموو ئەو شتانە تێبگەیت کە ئێستا روودەدەن، دەبێت پێداچوونەوە بە یارییەکەدا بکەین، بەڵام راستییەکە ئەوەیە سەرەتا ئێمە گۆڵمان تۆمارکرد، دواتر دوو گۆڵ بەخێرایی و نەمانتوانی بگەڕێینەوە، لە نیوەی دووەمدا نەمانتوانی بگەڕێینەوە، هەلمان دروستکرد، بەڵام نەمانتوانی بگەڕێینەوە و ئەمە تۆپی پێیە."
 
لەبارەی ئەوەی چۆن بوو بەبێ ماسک یارییکرد، ئێمباپێ گوتی "بەر لە یارییەکە هەڵسەنگاندنمان بۆ بابەتەکە کرد، لە بەکارهێنانی ماسک بێزاربووم، پرسیارم لە پزیشکەکە کرد و پێگوتم دەتوانم بەبێ ماسک یاری بکەیت."
 
ئێمباپێ باسی ئاستی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات و دەڵێت "ئەوە ئاستی من بوو، پێموایە لە تۆپی پێدا پێویست ناکات شتەکان زۆر ئاڵۆز بکەیت، یان باشیت یان باش نیت، من باش نەبووم، ئەمە راستی بابەتەکەیە، ئێمە دەگەڕێینەوە وڵاتەکەمان، وەکو گوتم پێویستیم بە پشوودان هەیە، ئەوەش بۆ من گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی دواتر دەست بە ژیانێکی نوێ و کارێکی نوێ بکەم، بۆیە زۆر شت هەیە کە بیکەم."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا کیلیان ئێمباپێ دووپاتیکردەوە "بێگومان هەست بە نائومێدی دەکەیت، کاتێک سەرکەوتن بەدەستناهێنیت، پێموایە ئەوە شتێکی ئاساییە لە مرۆڤدا و وەکو پێشتر بە زمانی فەرەنسی گوتم، ویستمان سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بەڵام ئێمە دوای قۆناخی پێشکۆتایی دەگەڕێینەوە وڵاتەکەمان، ئەمە نائومێدییە."
 
فەرەنسا لەکاتێکدا لە یۆرۆ کرایە دەرەوە، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا هەڵبژاردەکە تەنیا یەک نازناوی بەدەستهێناوە، دوای ئەم پاڵەوانێتییەش ئەگەری هەیە دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەکە دووربخرێتەوە یان خۆی دەستلەکاربکێشێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە