کاسێمیرۆ هۆکاری رۆیشتنی لە ریال مەدرید ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کاسێمیرۆ، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هۆکاری رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە هاوینی رابردوودا، ئاشکرا دەکات.
 
کاسێمیرۆ، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، سەبارەت بە رۆیشتنی لە ریال مەدرید، دەڵێت "سەرەتا لەگەڵ خێزانەکەم قسەم کرد سەبارەت بە جێهێشتنی ریال مەدرید، دەستبەجێ بیرۆکەکەمیان قبوڵ کرد، ئەوە دەرفەتێک بوو بۆ جێهێشتنی یانەیەکی گەورە لە لووتکەی ئاستمدا".
 
یاریزانی بەرازیلی ئاماژەی بەوەشکرد "لە تەمەنێکدام کە هێشتا برسیم بۆ بردنەوەی نازناوەکان، ئەگەر دوای دوو یان سێ ساڵی دیکە بووایە، ریال مەدریدم بەجێنەدەهێشت بۆ ئەوەی بچمە یانەیەکی گەورەی دیکە، هەمان ئارەزووم نەدەبوو بۆ گۆڕینی خولەکە و پەیوەندیکردن بە یانەیەکی گەورەی دیکەوە، ساتێکی نموونەیی بوو".
 
سەبارەت بە چۆنیەتی پێشوازیکردنی لە لایەن مانچێستەر یونایتدەوە لە یەکەم ساتەوەختەوە، کاسی دەڵێت "هەمووان دەیانەوێ سەرنج و رێز و نازناو بەدەستبهێنن، بەڵام من بە خەیاڵمدا نەدەهات کە ئەوەندە خێرا بێت، ئەمەش شتێکە کە زۆر دڵخۆشم دەکات و جێگەی سەرسوڕمانم بوو".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، یاریزانەکەی مان یونایتد، دەڵێت "لە رۆژی یەکەمەوە هەستم بە خۆشەویستی کرد. ئەوە ئاسان نەبوو دوای 10 ساڵ یاریکردن لە ریال مەدرید. ئەوە دەرئەنجامی کارەکانی نێو یاریگە و هاوئاهەنگی باشی نێوان هاندەران و راهێنەران و یاریزانەکان بوو".
 
کاسێمیرۆ لە کۆتاییدا دەڵێت "هیچ یارییەکی ئاسان لە ئینگلتەرا نییە، پێشەنگ کاتێک بەرامبەر دوایینی ریزبەندی یاری دەکات دڵنیا نییە لە بردنەوە، ئەگەر بە 90%ـی هێزی خۆت یاری بکەیت دەدۆڕێیت. من پرێمەرلیگم خۆشدەوێت وەک چۆن ژیان لە مانچێستەرم زۆر خۆشدەوێت".