ریال مەدرید ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دەگەڕێتەوە و دەست بە ئامادەکارییەکانی دەکات بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەشێکی یاریزانانی ریال مەدرید چوونە ڤالدێبێباس، بە گەشبینی و دڵخۆشییەکی زۆرەوە پشکنینی پزیشکییان ئەنجامدا، لەنێویاندا یاریزانە نوێیەکانی یانەکە جود بێلینگهام، فران گارسیا، براهیم دیاز و ئاردا گولەر ئامادەن، کە ئاردا ئامادەنەبووە هیچ پشوویەک وەربگرێت و راستەوخۆ پەیوەندیی بە یانەکەوە کردووە.
 
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:30 ریال مەدرید یەکەم یەکەی مەشقی ئەنجامدەدات، ئەنتۆنیۆ پینتۆس، راهێنەری توانای جەستەیی یانەکە راستەوخۆ سەرپەرشتی ئامادەکردنی یاریزانەکان دەکات، بۆ ئەوەی بەباشترین توانای جەستەییەوە ئامادەن بۆ یارییکردن.
 
ریال مەدرید بۆ کەمپێکی مەشق و راهێنان و ئەنجامدانی چەند یارییەکی دۆستانە دەچێتە ئەمریکا، رۆژی 23ـی ئەم مانگە یەکەم یاریی دۆستانەی بەرامبەر یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی دەبێت، دوای ئەوە لە 27ـی مانگ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد یارییدەکات.
 
لە کاتی گەڕانەوەی یانەی شاهانەدا لە رۆژی یەکەمدا تەنیا ئەم یاریزانانە ئامادەبوون، تۆنی کرووس، خیسوس ڤایێخۆ، لوکاس ڤازکێز، ئەلڤارۆ ئودریۆزۆلا، فێرلان مێندی، دانی سێبایۆس، براهیم دیاز، جود بێلینگهام، ئاردا گولەر و فێدریکۆ ڤالڤێردی.