نزار مەحرووس، بۆ رووداو: زاخۆ لە مەترسی رزگاری بووە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لەبەردەم ئەرکێکی قورسدایە و لە یاریگەی خۆیدا دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانەکەی بەرامبەر یانەی هەولێر بکاتەوە، لە گەڕی رابردوو. نزار مەحرووس، راهێنەری یانەکەش دەڵێت "لە مەترسی رزگارمان بووە".
 
کاژێر 19:15 لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا، یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات، لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی خولی عێراقدا، زاخۆ و تەڵەبە لە دوو باروۆدخی جیاوازدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، تەڵەبە رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دەکات و زاخۆ لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ محەممەد غنێمی، یاریزانی پیشەگەری لیبی یانەی زاخۆ بەجێهێشت، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتاییهات.
 
زاخۆ دوێنێ دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامداوە، لە یاریی یەکەمی بەرامبەر تەڵەبە لەم وەرزەدا، لە بەغدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەکەی بردبووە و ئەمڕۆ دەیەوێت جارێکی دیکە بردنەوە بەرامبەر ئەو یانەیە دووبارە بکاتەوە.
 
نزار مەحرووس، راهێنەری یانە زاخۆ. لەبارەی دۆخی ئێستیا یانەکەی، لە لێدوانێکدا، بۆ تۆڕی میدیای رووداو، گوتی "بێگومان تۆ دەزانی کە لە خولەدا هەمیشە رکابەرییەک هەیە لەسەرەوە، رکابەرییەک لە خوارەوە و هەندێک تیپیش لە ناوەڕستدان، ناوچەی هێمن، بۆیە ئێمە کە هاتینە زاخۆ لە ناوچەی مەترسیداردا بووین. ئامانج راکردن بوو لە مەترسی دابەزین".
 
هەروەها گوتی "سوپاس بۆ خوا ئێمە نەگەیشتبووینە ناوچەی مەترسیدار سەد لە سەد، بەڵام کاریگەر بووین بە مەترسییەکە، سوپاس بۆ خوا لە دوایین دوو یارییدا بە تەواوی لە قۆناخەکە دەرچووین، ئەمە بە فەزلی خوایە و بە کۆششی کارگێڕیی و پشتیوانی هاندەرانمان بوو بۆ تیپەکە و یاریزانان. ئێستا سێ یاریمان ماوە، بەڕاشکاوی سێ یاری زەحمەتن، لەگەڵ یانەکانی بژاردەن، جەویە و تەڵەبە و دوایین یارییش بەرامبەر نەفتی بەسرەیە، کە ئەویش تیپێکی بەڕێزە".
 
ئەو گوتیشی "سەرنجێکم هەیە ئێستا هەندێک لە خاوبوونەوە لای هەمووان دەبینم، دوای ئەوەی لە ژێر گوشاردابوون، دوای ئەوەی دڵنیابووین. پێکانەکان دەستیان پێکرد، یاریزانەکان دەیانەوێ پشوو بدەن، پێیانوایە ئامانجەکەیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو یارییانە بۆ ئێمە گرنگن، دەبێ ئەنجامی باش بەدەستبێنین بۆ ئەوەی شێوەیەکی جوانتر نیشان بدەین و تیپەکەمان بۆ قۆناخی داهاتوو و بۆ وەرزی داهاتوو ئامانجی گەورەتری هەبێت".