حەوتەم رۆژی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ویمبڵدن بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی رۆژی حەوتەمی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ویمبڵدن بەڕێوەچوون، ئیدی ژمارەی یاریزانەکان کەمتر دەبنەوە و رکابەرییەکانیش بەهێزتر دەبن.
 
ئاندرێی روبلێڤی رووسی بردنەوەیەکی قورس و زەحمەتی تۆمارکرد و لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتی تێنسی ویمبڵدن پەڕییەوە، دوای ئەوەی لە یارییەکی پێنج کۆمەڵەییدا لە ئەلێکساندەر بوبلیکی کازاخستانی بردەوە.
 
یاریزانی ریزبەندی حەوتەمی جیهان بە ئەنجامی 7-5، 6-3، 6-7، 6-7، 6-4، لە ماوەی 3 کاژێر و 20 خولەکدا کۆتایی بە یارییەکە هێنا، ئێستا چاوەڕێی براوەی نۆڤاک جۆکۆڤیچ و هوبێرت هورکاچ دەکات.
 
یانیک سینەری پۆلینکراوی هەشتەمی پاڵەوانێتییەکە و تێنسزانی ئیتاڵی بە سێ کۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە دانیال ئیلاهی گالانی کۆڵۆمبی بردەوە.
 
سینەر بە ئەنجامی حەوت شەش، شەش چوار و شەش سێ یارییەکەی بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی، لەوێشدا لەگەڵ رۆمان ساڤیۆلینی رووسی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
 
لەسەر ئاستی ئافرەتانیش سوپڕایزی گەورە رووینەدا و پۆلینکراوی یەکەمی جیهان بۆ قۆناخی داهاتوو پەڕییەوە. 
 
ئیگا شڤۆنتیکی پۆڵەندی و ژمارە یەکی جیهان، بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا سەرکەوت بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی ویمبڵدن، ئەمەش دوای سەرکەوتنێکی قورس بەرامبەر بە بێلیندا بێنیچیچی سویسری. 
 
کۆمەڵەی یەکەم و دووەمی یارییەکە کاتی زۆری پێچوو، دوای ئەوەی هەریەکەیان براوەی کۆمەڵەیەک بوون، دواتر شڤیۆنتیک لە کۆمەڵەی سێیەمدا سەقامگیریی خۆی بەدەستهێنایەوە، ئەو کۆمەڵەیەی بردەوە گەیشتە قۆناخی داهاتوو. 
 
ئەنجامی کۆمەڵەکان شەش بە حەوت، حەوت بە شەش و شەس بە سێ بوون. 
 
و لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا لەگەڵ تێنسزانی ئۆکراینی، یلینا سڤیتۆلینا یاری دەکات.
 
لەلایەن خۆشییەوە سڤیتۆلینا دوای ئەوەی لە یاریزانی بە ئەزموونی بیلاروسی، ڤیکتۆریا ئازارێنکای بردنەوە بلیتی قۆناخی داهاتووی مسۆگەرکرد. 
 
سڤیتۆلینای ئۆکراینی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر، شەش چوار، حەوت شەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئەمە جاری یەکەمیش بوو بتوانێت لە ئازارێنکا بباتەوە لەدوای شەش یاریی نێوانیان 
 
لە بەشێکی دیکەی یارییەکانی قۆناخی هەشتـی ویمبڵدندا، شابا میرا ئاندرێڤای رووسی کە تەمەنی 16 ساڵە، ئەنجامێکی مێژوویی تۆمارکرد و شکستی بە ئاناستازیا پۆتاپۆڤای هاونیشتیمانی هێنا، دوای ئەوەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر شکستیپێهێنا. 
 
ئەنجامی یارییەکە شەش دوو بە حەوت پێنج بوو، یەک کاژێر و 35 خولەک کاتی یارییەکە بوو، شابا میرا ئاندرێڤا لەو قۆناخە بەرامبەر بە مادیسن کیزی ئەمریکی یاری دەکات.
 
لە دواییشدا مارکیتا ڤۆندرۆسۆڤای چیکی بەرامبەر بە ماری بۆزکۆڤای هاونیشتیمانی یاری کرد و بە ئەنجامی دوو بە یەک یارییەکەی بردەوە. 
 
مارکیتا کۆمەڵەی یەکەمی دۆڕاند، بەڵام لە دووەم و سێیەمدا براوەبوو، ئەمەش وادەکات لە قۆناخی داهاتوودا کە قۆناخی پێشكۆتایی بەرامبەر جێسیکا پیگۆلای ئەمریکی یاری بکات.

 

ئەوەی لە رۆژی حەوتەمی پاڵەوانێتییەکەدا جێگەی سەرنج بوو، ئەوەبوو کە یاریی نێوان نۆڤاک جۆکۆڤیچی پۆلینکراوی دووەمی جیهان و هوبێرت هورکاچـی پۆڵەندی راگیرا و بۆ ئەمڕۆ دواخرا، چونکە بەپێی یاساکان، هەموو یارییەکان کاژێر 23:00 بە کاتی ناوخۆ و رادەگیرێن و نابێت یارییەکان بگەنە نیوەشەو.