ڤیدیۆ؛ لە گەڕی نۆیەمی تور دێ فرانسدا پاڵەوانێکی نوێ دەرکەوت

رووداو دیجیتاڵ

گەڕی نۆیەمی تور دێ فرانس پاڵەوانێکی نوێی هەبوو، بەڵام لە رووی ریزبەندیی گشتییەوە هیچ گۆڕانێکی دروست نەکرد و جۆناس ڤینێگاردی پایسکیلسواری دانیمارکی هەر لە پیشەنگدا مایەوە.
 
گەڕی نۆیەمی تور دێ فرانس گەڕێکی سەختی پڕ لە ئاڵنگاری و پڕ لە رکابەری بوو، کە تێیدا مایکل وۆدزی پاسکیلسوارە کەنەدی بەر لە هەمووان هێڵی کۆتایی پێشبڕکێیەکی بڕی و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
ماوەی ئەم گەڕە زۆر درێژ نەبوو لە چاو زۆربەی گەڕەکانی دیکە، کە ماوەکەی نزیکەی سەد و دوو کیلۆمەتر و نیو بوو، لە سانت لێنارد دو نۆبلێتەوە دەستیپێکرد و لە پوی دی دۆم کۆتاییهات، بەڵام رێگایەکی سەخت بوو.
 
پایسکیلسوارە کەنەدییەکە بە چوار کاژێر و نۆزدە خولەک و چل و یەک چرکە ماوەی پێشبڕکێیەکەی بردەوە و بیست و هەشت چرکە پێش پیێر لاتۆری پایسکلسواری فەرەنسی هات، کە پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
 
مات مۆهۆریکی پایسکیلسواری سلۆڤینیش پلەی سێیەمی بەرکەوت، کە سی و پێنج چرکە لە دوای مایکل وۆدزی یەکەمەوە بوو.
 
سەرەڕای ئەنجامەکانی ئەم گاڕە، پاسکیلسواری دانیمارکی، جۆناس ڤینێگارد، لە ریزبەندیی گشتیی گەشتەکەدا پێشەنگی خۆی پاراست، دوای ئەوەی قۆناخەکەی لە کۆمەڵەی سەرەکی کۆتایی پێهێنا، کە بە 10 خولەک لەدوای یەکەمەوە بوو، بەڵام جیاوازی نێوان خۆی و تادی بۆگاچاری سلۆڤینی، کە دووەمی ریزبەندییە، دابەزی بۆ حەڤدە چرکە.