ڤیدیۆ؛ کاتی ناساندنی مێسی لە ئینتەرمەیامی

10-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی ئامادەکاری دەکات بۆ ناساندنی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یاریزانی نوێی یانەکەی.
 
مێسی بریارە سبەی سێشەممە بگاتە ئەمریکا، بۆ ئەوەی کارەکانی پەیوەندیکردنی بە یانەی ئینتەرمەیامی تەواوبکات، لەکاتێکدا زیاتر لە مانگێکە رایگەیاندووە کاروانی یارییکردنی داهاتووی لەو یانەیە دەبێت.
 
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، سێرخیۆ بوسکێس، یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا وەک یاریزانی نوێی یانەکە بە میدیاکان و هاندەران دەناسێنرێت.
 
بەرەبەیانی 17ـی ئەم مانگە، کاژێر 02:30 لیۆنێل مێسی لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا بە میدیاکان دەناسنێرێت و بە درێسی یانەی ئینتەرمەیامییەوە دەردەکەوێت، دوای ئەوەش بڕیارە رۆژی 21ـی مانگ یاریزانەکە لە جامی خولی ئەمریکادا بەرامبەر یانەی کروز ئازولی مەکسیکی یەکەم یاریی بۆ یانەکە ئەنجامبدات.
 
دەیڤد بێکهام، هاوبەشی خاوەنداریەتیی یانەکە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە بۆ ئەوەی پێشوازییەکی گەورە لە لیۆنێل مێسی بکرێت.
 
ڤیکتۆریا بێکهام هاوژینی دەیڤد بێکهام ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت وێنەی مێسی بە قەبارەیەکی زۆر گەورە لەسەر دیوارەکانی مەیامی نەخشێنراوە و نووسیوویەتی "بێکهام کاری گەورەی کردووە بۆ پێشوازیکردن لە مێسی، یەکەم کاری دوای گەڕانەوە ئەوە بووە و رۆڵی گەورەی هەبووە لە هاتنی مێسی بۆ یانەکە."
 
پێشتر خاوەنی یانەی ئینتەرمەیامی رایگەیاندبوو، مێسی ساڵانە 50 بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە لە یانەکەدا وەردەگرێت، جگە لەوەی سپۆنسەرەکانی یانەکەش کە کۆمپانیا ئەپڵ، ئادیداس و فاناتیکسن لە رووی داراییەوە سوودی زۆریان بۆ لیۆ دەبێت، دوای وازهێنانی لە یارییکردنیش مێسی دەبێتە خاوەنی بەشێکی پشکەکانی یانە ئەمریکییەکە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە