ڤیدیۆ؛ لویس سوارێز لە بەدبەختی دۆڕا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بۆتافۆگۆ شوێنپێی خۆی لە پێشەنگیی ریزبەندیی خولی تۆپی پێی بەرازیلدا بەهێزتر کرد، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، لە رکابەرە هەمیشەییەکەی، گرێمیۆی بردەوە.
 
لە گەڕی چواردەمی خولەکەدا، بۆتافۆگۆ بووە میوانی گریمیۆ و 3 خاڵی لێوەرگرت.
 
گرێمیۆ یارییەکەی بە هێرشی بەهێز دەستپێکرد و لە خولەکی 21 هێرشبەرە بەئەزموونەکەی، لویس سوارێز هەلێکی ئاسانی بۆ رەخسا، بەڵام پەلەی کرد و لەدەستیدا.
 
لە خولەکی 50 سوارێز هەلێکی دیکەی لەدەستدا، چونکە ئەمجارە تۆپەکەی بەر ستوونی گۆڵ کەوت.
 
لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا، ئێدواردۆ لە خولەکی حەفتا و چواردا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بۆتافۆگۆ تۆمارکرد.
 
لە خولەکی هەشتا و هەشتیشدا کارلۆس ئەلبێرتۆ گۆڵی دووەم و بردنەوەی تیپی میوانی تۆمارکرد.
 
بەم سەرکەوتنە، بۆتافۆگۆ پێشەنگی خۆی لە خولی بەرازیل بەهێزتر کرد بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ لە 14 یاری، کە بە 10 خاڵ لە پێش فلامینگۆی پلەی دووەمەوەیە. گرێمیۆش پلەی سێیەمی گرتووە.