لیۆناردۆ هێرشێکی تووند دەکاتە سەر کیلیان: کاتی هاتووە ئێمباپێ دەربکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لیۆناردۆ، بەڕێوبەری وەرزشیی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمان، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەکە و داوا لە پی ئێس جی دەکات بەهەر شێوەیەک بێت خۆی لەو یاریزانە رزگار بکات و دەڵێت "کاتی هاتووە ئێمباپێ بڕوات. پاریس بە هەر رێگەیەک بەڕێیبکات لە بەرژەوەندی یانەکەدایە. ئەو سەرکردە نییە. پاریس سانجێرمان بەبێ ئەو دەتوانێت چامپیۆنزلیگ بباتەوە".
 
لیۆناردۆ، لە لێدوانێکی نوێدا، رەخنەی تووندی لە ئێمباپێ گرت و گوتی "کیلیان ئێمباپێ یاریزانێکی نایابە، بەڵام سەرکردە نییە، گۆڵکارێکی نایابە، بەڵام داهێنەر نییە، بۆیە ناتوانی تیپێک لە دەوری دروست بکەیت".
 
ئەو هەروەها دووپاتیکردەوە "ئێمباپێ تاوەکو ئێستا شایستەی ئەوە نییە سەرکردایەتی هیچ تیپێک بکات، ئەستەمە تیپێک لە دەوری دروست بکەیت".
 
لیۆناردۆ، گوتیشی "کاتی رۆیشتنی ئێمباپێ لە پاریس هاتووە، پاریس بە هەر رێگەیەک بەڕێیبکات لە بەرژەوەندی یانەکەدایە. پاریس سانجێرمان بەبێ ئەو دەتوانێت چامپیۆنزلیگ بباتەوە".
 
یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل، میلان و پاریس سانجێرمان، هەروەها زیاتر گوتی "پاریس سانجێرمان پێش ئێمباپێ هەبووە و دوای ئەویش دەبێت، کیلیان ماوەی 6 ساڵە لە پاریسە و لە ماوەی ئەو 6 ساڵەدا پێنج یانەی جیاواز نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێناوە، هیچ کامیان ئێمباپێیان لە ریزەکانیاندا نەبووە، واتا دەکرێت بەبێ ئەو ئەم نازناوە ببەیتەوە".
 
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، لیۆناردۆ، گوتی "ئێمباپێ بە هەڵسوکەوتەکانی لە دوو ساڵی رابردوودا دەریخستووە کە هێشتا یاریزانێک نییە بەڕاستی بتوانێت سەرکردایەتی تیپێک بکات، بۆیە دەبێت پاریس بیفرۆشێت".
 
ئەم لێدوانانەی لیۆناردۆ لە کاتێکدان، کە کیلیان ئێمباپێ، لە دوایین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، هێرشی کردە سەر پاریس سانجێرمان و گوتی "نازانم پاریس پێویستی بە چییە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، نابێ ئەو پرسیارە لە من بکرێت. سانجێرمان تیپێکی دابەش بووە، یانەکەش دابەش بووە، یاریکردن بۆی زۆر هاوکارییم ناکات".
 
ئەو زیاتر گوتی "بۆچی پاریس چامپیۆنزلیگ ناباتەوە؟ دەبێ لەوانە بپرسن کە تیپەکە هەڵدەبژێرن و لیستی یانەکە رێکدەخەن. ئەوانەی گرووپەکە دروستدەکەن، من تەنیا هەوڵدەدەم باشترین توانای خۆم پێشکێش بکەم".
 
ئەوکات میدیاکانی فەرەنسا ئاشکرایانکرد، کە ئەم قسانەی کیلیان خاوەنە قەتەرییەکانی یانە پاریسییەکەی زۆر تووڕە کردووە و ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەکە بەم لێدوانانەی ئێمباپێ تووشی شۆکێکی گەورە بووە، ئەو پێیوایە کیلیان بێ رێزی بەرامبەر هەموو یاریزانانی ئێستا، نوێیەکان، راهێنەری نوێ و هەموو هاندەرانی پاریس سانجێرمان کردووە".