سەرۆکی یۆفا: یۆرۆی 2020 نادادپەروەر بوو

رووداو دیجیتال

ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، رایگەیاند شێوازی ئەنجامدانی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2020 نادادپەروەرانە بوو، گوتیشی "یۆفا جارێکی دیکە پشتگیری لە ئەنجامدانەوەی یۆرۆ بەمشێوەیە ناکات".

ئەلیکساندەر چێفرین، دووپاتیکردەوە کە یۆفا پشتگیری لە بەڕێوەبردنی هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکەی یۆرۆ ناکات، کە لەسەر شێوازی یۆرۆی 2020 رێکبخرێتەوە و گوتی "جیاوازییەکی زۆر هەبوو لە رووی مەودای گەشت و هاتوچۆی هاندەران بۆ بینینی یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان".

یارییەکانی یۆرۆی 2020 لە 11 شاری ئەوروپا بەڕێوەچوون، کە هەندێک تیپ ناچاربوون لە ماوەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەدا ماوەی زیاتر لە 10 هەزار کیلۆمەتر گەشت بکەن، ئەمە جگە لەوەی ئەم شێوازی بەڕێوەبردنە بووە هۆکاری خەرجییەکی زۆر لە لایەن هاندەرانەوە.

سەرەڕای ئەوەی چێفرین لە 2019 پشتگیریی خۆی بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە لە 11 شاری ئەوروپا راگەیاندبوو، ئێستا سەرۆکی یۆفا دەڵێت پشتگیری هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکەی لەو شێوەیە ناکات، بەو پێیەی زۆر زەحمەتی بۆ یاریزانان و هاندەرانی دروستکردووە.

ئەلیکساندەر چێفرین، گوتی "جارێکی دیکە پشتگیری لێناکەمەوە، راست و دادپەروەرانە نییە هەندێک تیپ ناچاربن 10 هەزار کیلۆمەتر گەشت بکەن، لە کاتێکدا هەندێک تیپ تەنیا هەزار مەتر گەشت بکەن".

ئەو زیاتر گوتی "ئەوە دادپەروەری نییە، ئەوانەی دەبووایە بچنە رۆما یان باکۆ کاتی گەشتەکەیان 4 کاژێر و نیو بوو، هەروەها ئێمە دەبووایە گەشت بۆ چەندین وڵاتی جیاواز لە رووی سیستمی دادوەری و پارە بکەین، هەندێک وڵات لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا بوون و هەندێکیش لە دەرەوەی ئەو یەکێتییە بوون، بۆیە کارەکە ئاسان نەبوو".

سەرۆکی یۆفا بەوە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، کە گوتی "ئەم شێوازی بەڕێوەبردنی یۆرۆیە بەر لە وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن منەوە بڕیاری لەسەر درابوو، من رێزی لێدەگرم، بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام جێبەجێکردنی زەحمەتە، بۆیە بڕواناکەم ئێمە جارێکی دیکە دووبارەی بکەینەوە".