سوپەر کلاسیکۆ.. دوایین هەل بۆ مێسی بۆ بردنەوەی یەکەم دەستکەوت لەگەڵ ئەرجەنتین

10-07-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بەرازیل ئەرجەنتین کۆپا ئەمریکا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یاریی کۆتایی لە کۆپا ئەمریکا، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئەرجەنتین، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە چاوەکان دەباتە سەر یاریگەی ماراکانا لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل، بۆ رکابەریکردن لەسەر یەکلاکردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.

کاژێر 03:00 بەکاتی باشووری کوردستان، مێسی و نەیماری هاوڕێی بۆ بردنەوەی نازناوی 47ـەمین وەشانی کۆنترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ لە سوپەر کلاسیکۆدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

بەبڕیاری کارگێڕیی شاری ریۆ بڕیاردراوە، رێگە بە ئامادەبوونی 10٪ـی هاندەران لە یارییەکەدا بدرێت، بە جۆرێک 6500 هاندەر لە یاریگەدا ئامادەدەبن، 2200 هاندەری ئەرجەنتینی، 3200 هاندەری بەرازیل و 1100 کەسیش وەک میوان لەلایەن کۆنمیبۆڵەوە میوانداری کراون.

ئەرجەنتین و بەرازیل لە کۆپا ئەمریکای ئەمساڵدا هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە، بەرازیل پاڵەوانی کۆپا ئەمریکای رابردووە و دەیەوێت نازناوەکە بپارێزێت و بۆ جاری شەشەم لەنێو خاکی خۆیدا و دەیەمجار لە مێژوودا نازناوەکە بباتەوە، لە بەرامبەر ئەرجەنتین لە 1993ـەوە هیچ نازناوێکی کۆپا ئەمریکای نەبردووەتەوە و ئەمە هەلێکی دیکەیە بۆ کردنەوەی ئەو گرێیەیەی 28 ساڵ ئەستێرەکانی تانگۆ نەیانکردووەتەوە.

ئەرجەنتین لە دوایین چوار یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا دۆڕاوە، لە 2004 و 2007 بەرامبەر بەرازیل، لە 2015 و 2016 بەرامبەر هەڵبژاردەی چیل، لە بەرامبەر سیلیساو لە 1995ـەوە لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا نەدۆڕاوە، ئەگەرچی لە رووی مێژووییەوە هەردوو هەڵبژاردە جیاوازییەکی زۆریان هەیە، بەڵام هەردووکیان یەک ئامانج کۆیاندەکاتەوە کە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.

لیۆنێل مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، چوار نازناوی کۆپا ئەمریکای لەگەڵ هەڵبژاردەکە دۆڕاندووە، جگە لەوەش نازناوی مۆندیالی 2014ـی لەدەستدا، بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەمە دوایین هەلی بەردەم لیۆیە بۆ بردنەوەی نازناوەکە و بەدەستهێنانی یەکەم دەستکەوت لەگەڵ تانگۆ.

لە مێژووی کۆپا ئەمریکادا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین باڵادەستیی بەسەر بەرازیلدا زیاترە، لەکاتێکدا 33 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، تانگۆ 15 یاریی بردووەتەوە، 8 یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە و 10 یاری لە بەرژەوەندی بەرازیل کۆتاییهاتووە.

لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەدا ئەرجەنتین 52 گۆڵی تۆمارکردووە و بەرازیل خاوەنی 40 گۆڵە.

هەڵبژاردەی لە مێژوودا 14 نازناوی کۆپا ئەمریکای بردووەتەوە، تەنیا نازناوێک لە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکە دوورە، لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی بەرازیل خاوەنی 9 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.

مێسی لە کۆپا ئەمریکای ئەمساڵدا بە تۆمارکردنی 4 گۆڵ و 5 ئاسیست یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی پاڵەوانێتییەکەیە، جگە لەوەی دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکات، رکابەری لەسەر گۆڵکار و باشترین یاریزانی یارییەکەش دەکات.

نەیمار لە پاڵەوانێتییەکەدا 2 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی 3 ئاسیستە، نەیماریش هاوشێوەی مێسی نازناوی کۆپا ئەمریکای نەبردووەتەوە، دوای ئەوەی لە 2019 بەهۆی پێکانەوە بەشداریی لە یارییەکەدا نەکرد، بۆیە ئەستێرەکەی سیلیساو دەیەوێت سەرکردایەتی سامبا بکات بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوەکە و نووسینەوەی چیرۆکێکی دیکە لە ماراکانا، بەتایبەت کە نەی لەو یاریگەیەدا لە 2016 ئۆڵیمپیادی ریۆ دی جانیرۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بردووەتەوە.

یاریگەی ماراکانا یەکێک لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین یاریگەکانی تۆپی پێیە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمە یەکەم یاریی کۆپا ئەمریکای ئەمساڵ دەبێت لەو یاریگەیەدا بەڕێوەدەچێت، بۆ میوانداریکردنی یارییەکە 40٪ـی یاریگەکە نۆژەنکراوەتەوە، 24 کاژێر پێش دەستپێکردنی یارییەکەش 800 کارمەند ئامادەکاری بۆ رێکخستنی رێورەسمی کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەکە لەو یاریگەیەدا دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە