ڤیدیۆ؛ کۆڵۆمبیا بووە سێیەمی کۆپا ئەمریکا

هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا لە دوایین ساتدا بردنەوەی تۆمارکرد و بووە سێیەمی کۆپا ئەمریکا.

لە یاری دیاریکردنی پلەکانی سێیەم و چوارەمی کۆپا ئەمریکا، هەردوو هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا و پیرۆ بەرامبەر یەکدی یارییان کرد و کۆڵۆمبیا یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردەوە.

لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 45دا یوشیمار یوتۆن گۆڵی یەکەمی پیرۆی تۆمارکرد و ئەم گێمە بەم تاکە گۆڵە کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 49دا خوان کوادرادۆ ئەنجامەکەی بۆ کۆڵۆمبیا یەکسانکردەوە، دواتر لویس دیاز گۆڵێکی دیکەی لە تۆڕی پیرۆ تۆمارکرد، لە خولەکی 82دا جیانلوکا لاپادولا ئەنجامەکەی بۆ پیرۆ راستکردەوە، لە دوایین ساتی یارییەکەشدا و لە خولەکی 94دا لویس دیاز گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بۆ کۆڵۆمبیا تۆمارکرد و بوونە سێیەمی کۆپا ئەمریکا.

پێشتر لە کۆپا ئەمریکا پیرۆ دووجار بووەتە پاڵەوان و کۆڵۆمبیاش جارێک، کە 20 ساڵ پێش ئێستا بوو.