وردەکاریی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ

رووداو-هەولێر

تیروپشکی یارییەکانی قۆناخی هەشت و پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ راکێشرا و چەند یارییەکی بەهێز دەبینرێن.

لە شاری نیۆن لە سوێسرا تیروپشکی یارییەکانی قۆناخی هەشت و پێشکۆتایی، هەروەها لایەنی یەکەم و دووەمی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ راکێشرا، لەم قۆناخەشدا مەرجەکان لابراون و هەریانەیەک ئەگەری هەیە بەریەک بکەون، ئەگەر یانەی وڵاتەکەی خۆشی بێت.

لە یارییەکانی قۆناخی 16 چوار یاری بەڕێوەچوون، ئێستا یاری نێوان بایرن میونشن - چێڵسی ، مانچێستەر سیتی - ریال مەدرید ، یوڤێنتوس - لیۆن و بارسێلۆنا - ناپۆلی ماون ئەنجامبدرێن، کە ئەم یارییانە بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخران، یارییەکانی ئەمجارەش رۆژی هەینی 7ـی مانگی داهاتوو بە یاری نێوان مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید دەستپێدەکەنەوە و دوای ئەم چوار یارییە خولەکە پێ دەنێتە قۆناخی هەشت.

لە قۆناخی هەشتدا، براوەی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی لەگەڵ براوەی یوڤێنتوس و ئۆڵیمپیک لیۆن یاریدەکات.

هەروەها براوەی یاری نێوان ناپۆلی و بارسێلۆنا بەرامبەر براوەی چێڵسی و بایرن میونشن یاریدەکات.

یارییەکی دیکەش لە نێوان هەردوو یانەی ئاتالانتا و پاریس سانجێرمانی فەرەنسیدا دەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووری لایپزیگی ئەڵمانی دەبێتەوە.

براوەی یاریی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی لەگەڵ براوەی یوڤێنتوس و ئۆڵیمپیک لیۆن، لە قۆناخی پێشکۆتایی یاری بەرامبەر بە براوەی یاری نێوان ناپۆلی و بارسێلۆنا و براوەی چێڵسی و بایرن میونشن دەکات.

یارییەکانی قۆناخی هەشت لە نێوان رۆژانی 12 تاوەکو 15ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچن، یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتاییش لە رۆژانی 18 و 19ـی هەمان مانگدا بەڕێوەدەچن، یاری کۆتاییش لە رۆژی 23ـی مانگی هەشتدا بەڕێوەدەچێت.

هەروەها یوێفا بڕیاریداوە لە قۆناخی هەشتەوە یارییەکان بە شێوازی چوون و گەڕانەوە نابن و تەنیا بە یەک یاری بەڕێوەدەچن.

جگە لە چوار یارییەکانی قۆناخی 16 کە بڕیاردراوە لە یاریگای یانەکاندا بەڕێوەبچێت، بەڵام لە قۆناخی هەشتەوە سەرجەم یارییەکان لە پۆرتوگال و لە یاریگای خۆسێ ئالڤالادێ و دا لوزی  بەڕێوەدەچن و یاری کۆتاییش هەر لە یاریگای دال لوزدا دەبێت.