ریال مەدرید یەکەم گورزی گەورە لە هانزی فلیک دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید، هەر زوو دەیەوێت پلانێکی هانزی فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا هەڵبوەشێنێتەوە، سەبارەت بە گرێبەستێکی گەورە لە مێرکاتۆی هاوینەدا.
فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرەی یانەی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، لە هاوینی 2025 ئامانجێکی سەرەکی یانەی ریال مەدریدە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەم دواییە باس لەوە دەکەن کە فلیک بەنیازە بەشێوەیەکی کەسی ئەو یاریزانە هاونیشتیمانییەی رازی بکات بۆ ئەوەی شوێنی مەبەستەکەی بگۆڕێت بۆ بارسێلۆنا.
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەو هەنگاوانەی بارسێلۆنا هیچ کاریگەرییان بەسەر ریال مەدریدەوە نەبووە بۆ ئەوەی هەوڵەکانی بەدەستهێنانی تواناکانی باشترین یاریزانی بوندێسلیگا لەم هاوینەدا بوەستن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەڕێوەبەری کارانەی ساڵی رابردوو گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێیان بۆ ریال مەدرید پشتڕاستکردەوە، سەرەڕای رەتکردنەوەی هەردوولا، هەمان ئەوانەن کە بوونی رێککەوتنێکی پێشوەختە لەنێوان ڤێرتز و مێرێنگێدا پشتڕاست دەکەنەوە.
روونیشیکردەوە، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە ڤێرتز بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەی بایەرلیڤەرکوزن یاری بکات، دواتر لە هاوینی 2025 بەبڕی 150 ملیۆن یۆرۆ روو لە یانەی ریال مەدرید دەکات.
مارکا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی هەمان زانیاری پشتڕاستکردووەتەوە، کە ڤێرتز بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید.
مارکای نزیک لە ریال مەدرید، ئاماژەی بەوەش داوە کە گواستنەوەی ڤێرتز بۆ یانەی ریال مەدرید هیچ پەیوەندییەکی بە داهاتووی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی بایەرلیڤەرکوزنەوە نییە.