ریال مەدرید لە گەورەترین پاڵەوانێتی دەکشێتەوە

10-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید مۆندیالی یانەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قەیرانێکی گەورە رووی لە ریال مەدرید کردووە و ئەو یانەیە رەتیدەکاتەوە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکانی 2025ـدا بکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، گورزێکی گەورەی لە جامی جیهانی یانەکانی 2025 بە سیستمە نوێیەکەی دا، دوای ئەوەی پشتڕاستیکردەوە کە یانەکەی  بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا ناکات.
 
یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، سیستمێکی نوێی بۆ پاڵەوانێتییەکە راگەیاند، کە لە هاوینی ساڵی داهاتوو بە بەشداری 32 یانە بەڕێوەدەچێت، هەروەک چۆن لە مۆندیال بۆ هەڵبژاردە نیشتمانییەکان روودەدات.
 
فیفا شوێن و بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەی دیاریکردووە و لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا لە ئەمریکا دەبێت، بەڵام ناڕەزایەتی لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە هەیە بەرامبەر بە وادە و سیستمی پاڵەوانێتییەکە، هۆکارەکەیشی وەک ئەوەی پێشتر رۆژنامەی رێلیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ترسی ماندوێتییە لەنێو یاریزانەکاندا.
 
لە بەرامبەردا ئەنچێلۆتی ئەمڕۆ دووشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی II Giornaleـی ئیتاڵی، گوتی "یانەکان و یاریزانەکان بەشداری پاڵەوانێتییەکی لەو شێوەیە ناکەن".
 
کارلیتۆ ئاماژەی بەوەشکرد "یەک یاری بۆ ریال مەدرید بەهای 20 ملیۆن یۆرۆیە، فیفاش دەیەوێت ئەم بڕە پارەیەمان پێبدات بۆ بەشداریکردنمان لە تەواوی جامی جیهانی یانەکاندا، ئەمەش نێگەتیڤە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەنچێلۆتی گوتی "یانەکانی دیکەش وەک ئێمە بانگهێشتی فیفا بۆ بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییەدا رەتدەکەنەوە".
 
پێشتر قسە و باس لەسەر ئەوە هەبوو کە تا چەند یانەکانی ئەوروپا رازی دەبن بە بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان لە فۆڕمە نوێیەکەیدا، ئەمەش لەبەر قەرەباڵخی خشتەی یارییەکان.
 
بەپێی رێساکانی فیفا کە تایبەتن بە سیستمی بەشداریکردن، لە کۆی 32 یانە 29 یانە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و لیستەکە پێنج یانەی عەرەبی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە هیلالی سعودی، عەینی ئیماراتی، ئەهلی میسری، ویدادی مەغریبی و رەجای تونسی، جگە لە یانە زەبەلاحەکانی ئەوروپا وەک ریال مەدرید، مانچێستەر سیتی، چێڵسی، بایرن میونشن، پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان.
 
ریال مەدرید ئەو تیپەیە کە زۆرترین نازناوی جامی جیهانی یانەکانی فیفای بەدەستهێناوە، بە فۆرمە کۆنەکەی، کە لە 5 بۆنەدا نازناوەکەی بەدەستهێناوە، دووجار زیاترە لە نزیکترین رکابەرەکەی کە بارسێلۆنایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).