یوڤێنتوس و دوو یانەی بەنێوبانگ رکابەری لەسەر گواستنەوەی رۆکی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، چاودێری دۆخی یاریزانێکی یانەی بارسێلۆنا دەکات، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بیباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتاڵیا، یانەی یوڤێنتوس دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، ڤیتۆر رۆکی، هێرشبەری بەرازیلی و یانەی بارسێلۆنا بەشێوەی خواستن بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی نووسیوویەتی "یوڤێنتوس لە چوارچێوەی پێداچوونە بە مووچەی یاریزانەکانی دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەک لە تیپەکەیدا بکات، پێش هەمووشیان دەیەوێت دەستبەرداری مۆیس کین ببێت، جگە لەوەش ئەرکادیۆش میلیک، نەشتەرگەریی بۆ کراوە."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یوڤێنتوس ناچارە لە هاویندا دەستبەرداری فێدریکۆ کیێزا ببێت، دوای ئەوەی رایگەیاند، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێناکاتەوە و یاریزانەکە نزیکە پەیوەندی بە یانەی رۆماوە بکات.
 
ڤیتۆر رۆکی، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بە دۆخێکی ئاڵۆز و خراپدا تێپەڕی، بەو هۆیەوە ئەگەری هەیە یاریزانەکە لە یانەکە بڕوات، بەڵام بەشێوەی خواستن نەک یەکجاری.
 
داهاتووی یاریزانەکە کاردانەوەی زۆری دروستکردووە و قسەو باسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە رایگەیاندبوو، ئەگەر یاریزانەکە بەشداری لە یارییەکاندا نەکات ناچاردەبن بەدوای یانەیەکی دیکەدا بگەڕێن.
 
جگە لە یوڤێنتوس، هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی و پۆرتۆی پۆرتوگالی، چاودێری دۆخی یاریزانەکە دەکەن بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ بکەن.