سیمۆنی ئینزاگی.. ئەو راهێنەرەی بەرەو نووسینەوەی مێژوو هەنگاو دەنێت

10-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
سیمۆنی ئینزاگی
سیمۆنی ئینزاگی
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەر کوێ ناوی ئینزاگیت گوێ لێ بێت.. هێرشبەرێکی تۆقێنەری کاریگەری مەترسیدارت دێتەوە بەرچاو کە بە درێسە شین و سوورەکەی میلانەوە هاوڕێکانی دڵخۆش دەکرد و رکابەرەکانی دەخستە گریان.. وشەی ئینزاگی ساڵانێکی زۆر، تاپۆکراوی فیلیپۆی برا گەورە بوو.. کاتێک فیلیپۆ یاریزان بوو، هەر خۆی هەموو دونیای بەناوی خۆیەوە کردبوو.. ئەوکات سیمۆنی برا بچووک قوربانیی فیلیپیی برا گەورە بوو..
 
رۆژەکان تێپەڕین.. هەردوو براکە وازیان لە یارییکردن هێنا، روویانکردە دونیا مەشقدان.. ئەوکات هەلەکە بۆ سیمۆنی برا بچووک رەخسا تاوەکو ریمۆنتادا بەسەر مێژووی نێوان خۆی و برا گەورەکەیدا بکات و سەرنجەکانی لێ بدزێت.
 
سیمۆنیی برا بچووک کاروانی مەشقدانەکەی لە لاوانی لازیۆوە دەستپێکرد. دواتر هەلە گەورەکە رەخسا و پیۆلی لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە و ئیدی مانگی چواری 2016، مانگی کرانەوەی دەرگای بەخت بوون لەبەردەم سیمۆنیدا.
 
دەرکەوتنی سیمۆنی برا بچووک لە دونیای مەشقداندا، هاوکاتبوو لەگەڵ دەرکەوتنی فیلیپی برا گەورەدا لە هەمان مەیدان، بەڵام ئەمجارەیان سیمۆنی بەڵێنیدا رۆژانی مانەوە لە ژێر ناو و سێبەری برا گەورەکەیدا تێپەڕێنێت و باڵادەستیی ئینزاگی لە فیلیپۆوە بباتە لای سیمۆنی.
 
رۆژەکان پاداشتی سووربوون و هەوڵدانی سیمۆنییان دایەوە.. کاروانی ئەو لە رۆمای پایتەختەوە گواسترایەوە میلانۆ و لەوێ ئینتەرمیلان بووە وێستگەی بەدیهێنانی ئەو خەونەی رۆژانێکی زۆر بوو لە مێشکی سیمۆنیدا ئەمبەر و ئەوبەری دەکرد.
 
سیمۆنی ساڵی 2021 مەشقدانی شینپۆشەکانی میلانۆی وەرگرت، کەچی فیلیپۆ لەگەڵ یانەی بینڤێنتۆدا لە خولی پلە یەکی ئیتاڵییەوە بۆ خولی پلە دوو دابەزی.. ئێستا سیمۆنیی برا بچووک، خۆی لە یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ لەسەر ئاستی ئەوروپا دەبینێتەوە، کەچی فیلیپۆی برا گەورە، لەگەڵ بچووکێکی وەک بینڤێنتۆدا لەپێناو ئەوەدا دەجەنگێت، لە خولێکی بچووکی وەک پلەی دووی ئیتاڵیاوە، جارێکی دیکە سەردەربێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە