رووداو دیجیتاڵ
خۆسێ ماریا، بەڕێوەبەری کارەکانی سێرجیۆ بۆسکێس، کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باسی لە چارەنووسی ئەو یاریزانە و دەستنیشانکردنی داهاتووی کردووە.
سەرچاوە میدیاییەکان باس لە دەستەوارەی یانەکانی سعودیە بۆ بۆسکێس دەکەن، کە دەیانەوێت یەکێکی دیکە بێت لەو ئەستێرانەی لە ئەوروپاوە دەیبەنە سعودیە، هەندێک سەرچاوەش باس لە ئەگەری جارێکی دیکە کۆبوونەوەی مێسی و بۆسکێس لە یانەکەیدا دەکەن، بەڵام ئەمجارە لە خولی ئەمریکا.
لە نێوان ئەمریکا و سعودیەدا، ئەستێرەکانی تۆپی پێ چارەنووسی خۆیان یەکلادەکەنەوە، لیۆنێل مێسی، هەفتەی رابردوو رۆیشتنی خۆی بۆ یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکا راگەیاند.
خۆسێ ماریا، لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا باسی ئەوەی کردووە تاوەکو ئێستا چارەنووسی بۆسکێکس یەکلانەبووەتەوە.
ئەو بەڕێوەبەری کارە دەڵێ، بۆسکێس هەنگاوی داهاتووی خۆی لە نێوان چوون بۆ ئەمریکا یان بۆ سعودیە یەکلادەکاتەوە و ئەگەر بچێتە ئەمریکا، دەچێتە یانەی ئینتەر مەیامی و جارێکی دیکە لەگەڵ مێسیدا کۆدەبێتەوە، ئەگەریش هەیە یانەیەکی دیکەی ئەمریکی ببێتە وێستگەی داهاتووی ئەو یاریزانە.
بۆسکێس بەر لە کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی خولەکانی ئەوروپا، بڕیاری رۆیشتنی خۆی لە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی راگەیاند.
چوونە دەرەوەی بۆسکێس لە بارسێلۆنا، مشتومڕی داهاتووی ئەو یاریزانەی لە نێوان هەردوو یانەی هیلال و نەسڕی سعودیدا گەرمکردووە، بەتایبەت پاشئەوەی سندووقی وەبەرهێنانی سعودی، بووە خاوەنی 75 لەسەدی پشکی ئەو دوو یانەیە و دوو یانەی دیکەی خولی سعودیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ