لێدوانی یاریزانان.. دی برۆین خەون دەبینێت و لاوتارۆش دڵخۆشە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی ئەتاتورکی ئۆڵیمپی لە ئیستەنبوڵ، یاریی کۆتایی چامپیۆنزیگ، لەنێوان مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بەڕێوەدەچێت. لە مان سیتی یاریزان دی برۆین قسەی لەبارەی یارییەکەوە بۆ رۆژنامەڤانان کردووە. لە ئینتەرمیلانیش هێرشبەری ئەرجەنتینی، لاوتارۆ مارتینێز قسەی کردووە.
 
پوختەی قسەکانی هەردوو یاریزانەکە بەمشێوەیەیە:
 
کیڤن دی برۆین، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی:
 
بردنەوەی چامپیۆنزلیگ خەونە یان خەیاڵ؟ لەوانەیە هەردووکیان بێت. وەڵامی ئەو پرسیارەت بەپێی ئەو کەسە دەگۆڕێت کە پرسیاری لێدەکەیت. پێموایە هەموو یاریزانێکی پیشەگەر دەیەوێت چامپیۆنزلیگ بباتەوە و دەیەوێت لە لووتکەدا بێت، چ لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ یان لەسەر ئاستی تاک. بۆیە ئەگەر بتوانی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنیت واتا تۆ توانیت بگەیتە یەکێک لە گەورەترین ئەو ئامانجانەی کە دەکرێت وەک یاریزان و وەک تیپ بەدەستیبهێنیت. ئەگەر هەموو ساڵێک لەم پاڵەوانێتییەدا رکابەری بکەین شتێکی زۆر باشە. چونکە ئەوکات دەتوانم رکابەری باشترین یاریزان و تیپەکانی جیهان بکەم. لەم یارییەدا دەرفەتی ئەوەمان هەیە یەکلایی بکەینەوە کە ئایا ئێمە وەک پێویست باشین.
 
لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەری یانەی ئیتنەرمیلان:
 
وەرزەکە بۆ من و خێزانەکەم زۆر ئەرێنی بووە، لەگەڵ ئینتەر دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە، وەک بردنەوەی جامی سوپەری ئیتاڵیا و جامی ئیتاڵیا، شەش مانگ لەمەوبەر توانیم بەشداری لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا بکەم،  ئێستاش ئێمە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبینەوە، دڵخۆشم بەو شتانەی لەم وەرزەدا روویانداوە و ئەوەی کردوومە، هیوادارم بتوانین وەرزەکە بە باشترین شێوە کۆتایی پێبهێنین.