سیمۆنی ئینزاگی: شێوازێکی بەرگری تایبەتم بۆ راگرتنی هالاند داناوە

رووداو دیجیتاڵ

 

سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان، رایگەیاند دەزانی کولێتی یاریزانانی مانچێستەر سیتی چەند بەرزە و دەشزانین یارییەکی وا گەورە چۆن ئەنجام دەدەین. گوتیشی "ئێمە ئێرلینگ هالاند زۆر باش دەناسین، ئەو بەشێوەیەکی تایبەت چاودێری دەکرێت".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی ئەتاتورکی ئۆڵیمپی لە ئیستەنبوڵ، یاریی کۆتایی چامپیۆنزیگ، لەنێوانی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بەڕێوەدەچێت. 
 
سیمۆنی ئینزاگی: راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا بە پەسندانی تیپی بەرامبەر دەستیپێکرد و گوتی "دەزانین کوالێتی ئەم یارییە چۆنە و دەزانین کە چاوەڕوانی چی دەکەین، هەروەها دەزانین کە دەبێت یارییەکی بەم قەبارەیە چۆن ئەنجام بدەین. دەشزانین کە مانچێستەر سیتی لەوانەیە ئێستا باشترین تیپی جیهان بێت". 
 
ئەو زیاتر لەبارەی تیپی رکابەریانەوە قسەی کرد و گوتی "ئەوان پێشتر ئەوەیان سەلماندووە، ئەوان تەنیا چەند جارێک دۆڕاون، بەڵام زۆر باش دەزانین کە گەشتەکەشمان چۆن بووە. دەبێت زۆر وریا بین و هەڵە نەکەین، چونکە رکابەرەکەمان تیپێکی زۆر بەهێزن".
 
سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانن ئێرلینگ هالاند رابگرن؟ ئینزاگی گوتی "ئێمە ئێرلینگ هالاند زۆر باش دەناسین، ئەو بەشێوەیەکی تایبەت چاودێری دەکرێت، هەروەک چۆن لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەشدا دەیکەین، بەڵام هالاند یاریزانێکی هێرشبەرە، بۆیە شێوازێکی بەرگری تایبەتم بۆی ئامادەکردووە. تیپەکەش دەبێت بەرگرییەکی باش بکات. من هەوڵ نادەم تەنیا هالاند رابگرم، بەڵکو تەواوی تیپی مانچێستەر سیتی".