ریال مەدرید گەڕانەوەی براهیم دیازی راگەیاند

10-06-2023
نیشانەکردن براهیم دیاز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی براهیم دیازی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "رۆژی سێشەممە کاژێر 13:00 بەکاتی باشووری کوردستان، رێوڕەسمی راگەیاندنی گرێبەستی براهیم دیاز دەکرێت."
 
بەپێی راگەیێنراوی یانەی شاهانە، گرێبەستی یاریزانە ئیسپانییەکە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تاوەکو هاوینی 2027 دەبێت، دوای ئەوەی خواستنەکەی لەگەڵ ئەیسی میلان کۆتاییهات و یاریزانەکە دەگەڕێتەوە ریال مەدرید.
 
ریال مەدرید نووسیوویەتی "لەو ماوەیەدا کە بەخواستن یاریی بۆ میلان کرد، دیاز بە کاروانێکی مێژوویی و زۆرباشدا تێپەڕی و لەگەڵ میلان نازناوی خولی ئیتاڵیای 2022ـی بردەوە و ئەم وەرزەش گەیشتنە پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
براهیم دیاز لە مانگی یەکی 2019ـەوە یاریزانی ریال مەدریدە، لەگەڵ یانەکە جامی سوپەری ئیسپانیای بردووەتەوە و دوای ئەوە لە 2020 چووە یانەی ئەیسی میلان.
 
دوای ئەوەی یاریزانەکە گرێبەستەکەی واژۆکرا و درێسی ریال مەدریدی بەرزکردەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسە بۆ میدیاکان دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە