بارسێلۆنا تۆڵەی لە ریال مەدرید کردەوە

10-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بارسێلۆنا یانەی بارسێلۆنا خولی سوپەرلیگ رێکەوتنی CVC
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و ئاتلێتیک بیلباوی بەتەنیا بەجێهێشت لەبابەتی سکاڵاکردن لەسەر رێکەوتن لەگەڵ سندووقی CVC کە تایبەتە بە دابەشکردنی پارەی داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنیی لالیگا بۆ ساڵانی داهاتوو.
 
پێشتر 39 یانەی پیشەگەری ئیسپانیا لەسەر رێکەوتنەکەی نێوان لالیگا و سندووقی CVC رازی بووبوون، بەڵام هەریەکە لە ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ئاتلێتیک بیلباو و ریال ئۆڤیدیۆ لە دژی رێککەوتنەکە بوون.
 
بەپێی رێکەوتنی نێوان دەستەی لالیگا و سندووقی CVC کە بە رێکەوتنی 'لالیگا ئیمپۆلیسۆ' ناسراوە، یانەکانی خولەکە جگە لەو چوار یانەیەی سەرەوە، رازی بووبوون بە وەرگرتنی پارەیەکی کاش لە بەرامبەر فرۆشتنی 10لەسەدی مافی گواستنەوەی یارییەکانیان بۆ 50 ساڵی داهاتوو.
 
سندووقەکە بەرامبەر ئەو رێکەوتنە بڕی دوو ملیار یۆرۆ دەداتە سەرجەم یانە پیشەگەرەکان، کە هەر یانەیە و دەتوانێ پارەکەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ باشترکردنی ژێرخانی یانەکە و نوێکردنەوەی یانەکان و دامەزراوەکانیان، ئەمە جیا لە بەشێکی بچووک لەو پارەیە کە دەکرێ لە بودجەی یانەکاندا بۆ مووچە بەکاربهێنرێت.
 
یانەی بارسێلۆنا داواکارییەکی داوەتە دادگای بەرایی مەدرید کە تێیدا بەفەرمی داوای پاشەکشەی کردووە لە سکاڵای ئەو چوار یانەیە دژ بە رێکەوتنەکە، بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر رای سێ یانەکەی دیکە هەبێت لەبارەی سکاڵاکەوە.
 
پێشتر ئەو چوار یانەیە دژایەتی تووندی رێکەوتنەکەیان کرد و لە دادگای بازرگانیی سکاڵایان تۆمارکرد و داوای رێوشوێنی خۆپارێزییان کرد لەبارەی رێکەوتنەکەوە، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکرایەوە. یانەکان دواتر لە پەنایان بردە بەر دادگای گشتی و لەوێش هەمان داواکارییان رەتکرایەوە. بەڵام لە کۆتاییدا پەنایان بردە بەر دادگای بەرایی و ئێستا بەرلەوەی دادگاکە بڕیار لەبارەی دۆسێیەکەوە بدات، بارسێلۆنا پاشەکشەی کرد لە سکاڵاکەی.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەم هەنگاوە پاشەکشەییەی بارسا، رادەی دووریی و ناکۆکیی نێوان بارسا و ریال دەردەخات، لە پاش دۆسێی نێگرێراوە کە تێیدا بارسێلۆنا تۆمەتبارکراوە بە کڕینی ناوبژیوانان و ریال مەدریدیش وەک لایەنێکی زیانمەندی سکانداڵەکە، سکاڵای تۆمارکردووە.
 
دوای دۆسێی نێگرێرا، دوورکەوتنەوەی تەواو لە پەیوەندی نێوان هەردوو یانەدا دروستبووە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا هەردوو یانە لە بابەتی خولی سوپەری ئەوروپادا بەیەکەوە ماونەتەوە، وێڕای ئەو دەنگۆیانەی باس لە پاشەکشەکردنی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەکات لە خولەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە