چیرۆکی من؛ نگۆلۆ کانتێ.. لە کۆکردنەوەی زبڵەوە بۆ بەرزکردنەوەی جامی جیهان

10-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نگۆلۆ کانتێ چیرۆکی من
A+ A-

رووداو دیجیتال

زەحمەتە کڵاوەکەت بەرز نەکەیتەوە بۆ رێزگرتن لە نگۆلۆ کانتێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، بەهۆی کەسایەتی ئەو، کە کوڕێکی بێفیز و شەرمنە، بێجگە لەوەی ئاستی یاریکردنی زۆر بەرزە، مرۆڤێکی گەورە و مەزنیشە.

ئەو خاوەنی خەندە بەنێوبانگەکەیەتی، بەڵام لەپشت ئەو خەندەوە چیرۆکێکی گەورەی پڕ لە ئازار و ئەشکەنجەیەکی دوور و درێژ دەشارێتەوە، کە لە منداڵییەوە دەستیپێکردووە، ئەو ناچاربووە کاری کۆکردنەوەی زبڵ بکات بۆ ئەوەی بۆ دابینکردنی خەرجی رۆژانە یارمەتی خێزانەکەی بدات، دوای ئەوەی لە تەمەنی 11 ساڵیدا باوکی لەدەستدا.

لەدایکبوونێکی هەژارانە

کانتێ لە 29ـی ئاداری ساڵی 1991 لە پاریسی فەرەنسا لە دوو دایک و باوکی بەڕەچەڵەک نەناسراو بووە، لە خێزانێکی زەحمەتکێش، دایک و باوکی کانتێ لە ساڵی 1980 لە مالییەوە کۆچیان کردووە بۆ فەرەنسا بۆ گەڕان بەدوای ژیان. 

نگۆلۆ منداڵی یەکەمە لەنێو چوار خوشک و برادا، باوکی لە تەمەنی منداڵیدا کۆچی دواییکردووە، بۆیە لە تەمەنێکی بچووکەوە بەرپرسیاریەتی ماڵەوەی هەڵگرتووە، چونکە کۆچی دوایی باوکی بارگرانی باوکایەتی و دایکایەتی خستووەتە ئەستۆی دایکی، کە کانتێ وەک کۆکەرەوەی زبڵ کاری دەکرد، لە کاتێکدا دایکی وەک پاککەرەوەی خانوو بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی کاری دەکرد.

کانتێ رۆژانە بەدرێژایی چەند کیلۆمەترێک دەڕۆیشت بۆ گەڕان بەدوای زبڵ و پاشماوەکان بۆ فرۆشتنی بە پارەیەکی کەم بەو کۆمپانیایانەی دووبارە بەرهەمهێنانەوە، بەڵام باش دەیزانی کە ئەوە کارەی خێزانەکەی بەردەوام لە هەژاریدا دەهێڵێتەوە. 

بەڕێوەچوونی مۆندیالی 1998 لە فەرەنسا یارمەتی کانتێی دا لە دەوروبەری یاریگەکاندا زبڵ و کەلوپەلی فڕێدراوی زیاتری دەستکەوێت، هەر ئەو مۆندیالەش کە زۆربەی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسای براوەی نازناوی مۆندیال، لە بنەڕەتدا کۆچبەر بوون، هانی کانتێی دا، بیر لە تۆپی پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر و خێزانەکەی لە هەژاری رزگاربکات.

ئەو یاریزانە تاوەکو تەمەنی 21 ساڵی هیچ یارییەکی لەگەڵ یانەی بۆلۆن نەکردووە، تەنانەت ئەو یارییەش کە بەشداری تێداکرد هیچ گرنگییەکی نەبوو، چونکە ئەوکاتە یانەکە دابەزینی بۆ خولی یانە پلەدووەکانی فەرەنسای مسۆگەرکردبوو، کە لەو یارییەدا بۆلۆن بە ئەنجامی 1 - 2 بە مۆناکۆ دۆڕا.

کانتێ وەرزی دواتر لە خولی پلە سیێی فەرەنسا بە کردەنی دەستی بە یاریکردنی راستەقینە کرد، کە ئەوکاتە بە پایسیکلێک دەچووە مەشقەکان و جانتاکەی لە پشتی دادەنا.

راکردن بەرەو راهێنان

کاتێک چووە ریزەکانی یانەی لێستەر سیتی لە پرێمەرلیگدا، کانتێ دەیویست بە راکردنەوە بچێتە مەشق و راهێنانەکان، بەڵام کاتێک بۆیان روونکردەوە کە شتەکان لە پرێمەرلیگدا بەمشێوەیە بەڕێوەناچن، ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتووی کۆن و هەرزانی کڕی، بۆ ئەوەی بەهۆیەوە لە ماڵەوە بچێتە یاریگەی مەشق و راهێنانەکان، ئەو خۆی بەدوور دەگرت لە رواڵەت و کڕینی ئۆتۆمبێلی گرانبەها.

کانتێ هێندە بێفیز و دڵگەورەبوو، لە بۆنەیەکدا هاندەرێکی ئارسیناڵی بینی کە زۆر تووڕەیە بەهۆی دۆڕانی ئارسیناڵ بە ئەنجامی 2 - 3 بە چێڵسی، کانتێ بەرگەی نیگەرانیی ئەو هاندەرەی نەگرت و داوای لێبووردنی لێکرد و وێنەیەکی یادگاری لەگەڵیدا گرت.

موسڵمانێکی پابەند

کانتێ یاریزانێکی موسڵمانی فەرەنسییە، بەڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتی مالییە، ئەو پابەندییەکی باشی بە ئایینی ئیسلامەوە هەیە، بەردەوام لە مزگەوتێکی بچووکی شاری لەندەن نوێژ دەکات، هەر کاتێک یاریی و مەشقەکانی نەبێت، ئەو لە رەمەزانیشدا بەڕۆژوو دەبێت و ئامادەنییە لەژێر هیچ گوشارێکدا رۆژووەکەی بشکێنێت.

کانتێ بەپێچەوانەی هەندێک لە ئەستێرەکانی دیکە، تەنیا بە ناسنامە موسڵمان نییە، بەڵکو ئینتیمایەکی زۆری بۆ ئایینی ئیسلام هەیە و شانازی بە ئیسلامبوونی خۆیەوە دەکات، ئەو بەکردەنی سەلماندوویەتی کە بەباشی پابەندە بە ئایینەکەیەوە.

بۆ نموونە دەستەوارەیەکی بۆ رزگارکردنی نزیکەی 1 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە لە باجدان رەتکردەوە، کە دەیتوانی لە رێگەی کۆمپانیایەکی شاراوە خۆی لە دانی باج لە مافی وێنە رزگاربکات، کە بەهۆی ئەو کۆمپانیایە ئەوە داهاتەی نەدەکەوتە ژێر باری دەسەڵاتدارانی باج لە ئینگلتەرا، ئەم پێشنیازە لە خودی یانەی چێڵسییەوە بۆی کرابوو، بەڵام ئەو رەتیکردەوە و بە بەرپرسانی گوت "دەبێ هەر کەسێک مافی خۆی وەربگرێت و ئەو ئەرکەی لەسەریەتیش بیدات، بۆیە مووچەکەم بەشێوەیەکی ئاسایی و یاسایی دەوێت".

لە رووداوێکی دیکەدا، کانتێ لە مزگەوتێکی لەندەن نوێژی دەکرد کاتێک چاوی بە هاندەرێکی ئارسیناڵ کەوت، کە ئەو یانەیە رکابەری هەمیشەیی چێڵسییە، ئەو هاندەرەی گانەرز کانتێی بانگهێشتی ماڵەکەی کرد و یاریزانە فەرەنسییەکە بانگهێشتەکەی قبوڵکرد و ئەو رۆژەی لەگەڵ هەوادارێکی تیپێک بەسەربرد، کە رکابەری یەکەمی چێڵسیییە.

کوڕێکی شەرمن و بێدەنگ

کاتێک فەرەنسا جامی جیهانیی رووسیای 2018ـی بردەوە، کانتێ کە رۆڵێکی گەورەی لە بردنەوەکەدا بینی، لە کاتی ئاهەنگێڕانی هاوڕێکانیدا بە شەرمەوە راوەستابوو، تاوەکو ستێفان نزۆنزیی هاوڕێی هاتە پێشەوە و داوایلێکرد جامەکە هەڵبگرێت و وێنەیەکی بۆی گرت.

ئەو رۆژەی فەرەنسییەکان جامی جیهانییان بردەوە، هەموو هاوڕێکانی کانتێ لە دەوری کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی شەرمی بشکێنن و هەمووان پێکەوە گۆرانییەکیان گوت، کە دەڵێت "هێی هێی کانتێ مێسی راگرت" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە لە یاریی فەرەنسا و ئەرجەنتیندا کانتێ رۆڵێکی سەرەکی بینی لە بردنەوە لە ئەرجەنتین و سنووردارکردنی جوڵەکانی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، دواتریش کاتێک شاندی هەڵبژاردەی فەرەنسا چوونە کۆشکی ئیلێزێ بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە خەڵات بکرێن، هاوڕێکانی کانتێ لەوێش ئەو گۆرانییەیان دووبارە گووتەوە.

کانتێ هەر بەهۆی ئایینی ئیسلامەوە فێری خۆڕاگری و ئارامگرتن و خۆبەدەستەوەنەدان بووە، بە بەڵگەی ئەوەی لە کاتی ئامادەکارییەکانی کانتێ و هاوڕێکانی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2018ـی رووسیا، برا گەورەکەی کانتێ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دواییکرد، بەڵام ئەو بڕیاریدا بەسەر خەفەت و ئازارکەدا سەر بکەوێت و چووە رووسیا، بەشداری لە بردنەوەی نازناوی مۆندیال لەلایەن هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە کرد.

پشکنینی دڵ

دوو وەرز بەر لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ، کانتێ تووشی پێکانێکی سەخت بوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری لەسەر بەشداریکردن کرد، توانی ئاستێکی زۆر نایاب پێشکەش بکات و رۆڵی سەرەکی بینی لە سەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر ئارسیناڵدا و بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ بۆ بلوز.

سێ ساڵ لەمەوبەر یاریزانی فەرەنسا لە ژووری جلگۆڕیندا لە هۆش خۆی چوو، نەیتوانی لەگەڵ هاوتیپەکانیدا بەشداری لە مەشقەکانی خۆگەرمکردنەوە بکات و بەشداری لە یارییەکەدا لە بەرامبەر مانچێستەر سیتی نەکرد، کانتێ دواتر پشکنینی دڵی بۆ کرا، بەڵام دەرکەوت کە هیچ کێشەیەکی نییە.

لە هەڤپەیڤینێکدا، کانتێ دەڵێت "ملیۆنەها کەس هەن کە ئاواتی ئەوە دەخوازن وەک من هەلێکیان بۆ بڕەخسێت، پیشەی یاریزان لە یاریگەدا کەم و کورتخایەنە، بۆیە لە هەموو یارییەکدا هەموو ئەو توانایەی هەمە دەیخەمەگەڕ.

کانتێ ئەمساڵیش لە چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ چێڵسی پێشکەشکرد و بە گەواهی هەموو چاودێر و شرۆڤەکارانی تۆپی پێ، ئەو هۆکاری سەرەکی بردنەوەی نازناوەکە بوو بۆ چێڵسی، تا ئەو راددەیەی کە بە شایەنی باڵۆن دۆری ئەمساڵی دەزانن، ئەگەرچی کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاری ئەوەیان لێکرد، تۆ شایەنی باڵۆن دۆری؟ دوور لە لەخۆباییبوون وەڵامی دایەوە و گوتی "هێشتا زووە باسی ئەو خەڵاتە بکەین، من هەر بیری لێناکەمەوە، من تەنیا بیر لە یۆرۆ دەکەمەوە".  

کانتێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لەو پەڕی ئامادەباشیدایە و کەڵەشێرەکان بەربژێری سەرەکی بردنەوەی ئەو نازناوەن، کە بێگومان ئەگەر توانیان ببەنەوە کەس گومانی لەوە نامێنێت کە کانتێ شایەنی باڵۆن دۆری 2021ـە، بەبێ رکابەر.








کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە