بایرن لەسەر بلیتی یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا میوانداری فرانکفۆرت دەکات

رووداو - هەولێر

ئادی هوتێر، راهێنەری یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت، دەڵێت "دەمانەوێت بە سوپرایزێک بایرن میونشن تووشی شۆک بکەین". واتە دەیەوێت بڵێت ئەمشەو لە یاری پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیادا هەموو ئەڵمانیا تووشی شۆک دەکەین و لەسەر پشتی بایرنەوە دەگەنە یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا.

ئەمە بە مەحاڵ دێتە بەرچاو ئەگەر ئەوە بزانین کە بایرنی دوای کۆرۆنا بە ئاستە بەرزەکەی هەمووانی تۆقاندووە، ئاخر لە بۆندێسلیگادا رێک دووئەوندەی تیپەکەی هوتێر خاڵی هەیە، بەر لە 17 رۆژ لەسەر هەمان یاریگەی ئالیانز ئارێنادا 5 - 2 لێیبردووەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا راهێنەری یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت گاڵتە ناکات و بەوپەڕی متمانەوە دەڵێت "دەمانەوێت مەحاڵ بکەینە نامەحاڵ".

دوای ئەوەی یانەی بایرلیڤەرکوزن کۆتایی بە سەرکێشییەکانی یانەی ساربروکن هێنا و لە یەکەم یاری قۆناخی پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیادا، بە 3 گۆڵی بێوەڵام لێیبردەوە و بلیتێکی یاری کۆتایی بەدەستهێنا، ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردسان، یانەی بایرن میونشن لە دووەم یاری قۆناخی پێشکۆتاییدا، لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری ئینتراخت فرانکفۆرت دەکات.

ئەگەرچی هانز فلیکی راهێنەری باڤارییەکان زۆر پەسنی یاریزانانی فرانکفۆرتی دا، لەپێناو ئەوەی یاریزانەکانی لە دەردی لەخۆباییبوون بپارێزێت، بەڵام تیپەکەی هەر بە بەربژێری بەهێز و سەرەکی بۆ بردنەوە دەمێنێتەوە، کە لە دوایین 20 یارییدا 19 بردنەوەی هەیە و تەنیا یەکجار یەکسان بووە، لەدوای گەڕانەوەی بۆندێسلیگاش هەر پێنج یاری خۆی بردووەتەوە و نزیکە لە یەکلاکردنەوەی نازناوی بوندێسلیگا، لە کاتێکدا ئینتراخت فرانکفۆرت لە دوایین 5 یارییدا تەنیا بردنەوەیەکی هەیە، سێجار دۆڕاوە و جارێکیش یەکسان بووە.  

هەرچۆنێک بێت، لەوانەیە تاکە شت کە هیوایەک بە راهێنەر و یاریزانانی ئینتراخت فرانکفۆرت بدات، یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیای 2018 بێت، کە ئەوکاتیش هەموو پێشبینییەکان لە بەرژەوەندی باڤارییەکاندا بوون، کەچی فرانکفۆرت هەمووانی تووشی شۆک کرد و مەحاڵیان بە نامەحاڵ گۆڕییەوە و بە 3 گۆڵ یارییەکە و جامەکەی لە بایرن میونشن وەرگرت.