میوانداریی مۆندیالی 2026 بۆ كێ ده‌بێت؟


رووداو - هه‌ولێر

جیرۆم ڤالكێ ئه‌مینداری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی، فیفا، رایگه‌یاند ده‌ستپێكردنی ركابه‌ریكردن بۆ میوانداریكردنی  مۆندیالی 2026ی دواده‌خرێت، هاوكات به‌رگری له‌ خۆی كرد له‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ له‌ باره‌ی وه‌رگرتنی به‌رتیله‌وه‌ ئاراسته‌ی كراوه‌.

ڤاڵكێ له‌ شاری سمارای رووسیا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ دواخستنی ركابه‌ریی وڵاتانی بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی 2026 راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌ باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانی فیفاوه‌ هاتووه‌ته‌ئاراوه‌.

ڤاڵكێ رایگه‌یاند، گونجاو نییه‌ دۆسیه‌كانی میوانداریكردنی مۆندیالی 2026 بخرێنه‌ روو، له‌ كاتێدا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ ده‌كرێت رووسیا و قه‌ته‌ڕ چۆن مافی میوانداریی دوو مۆندیالی داهاتوویان به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئه‌مینداری گشتیی فیفا له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌رگری له‌ خۆی كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی كراون له‌ كه‌یسی گه‌نده‌ڵییه‌كانی فیفا و به‌تایبه‌تی بابه‌تی 10 ملیۆن دۆلاری به‌ریتل له‌لایه‌ن باشووری ئه‌فریقاوه‌.

بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی 2026، هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، مه‌كسیك، كه‌نه‌دا و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا ركابه‌ری یه‌كدی ده‌كه‌ن.