لە بردنەوە لە دوو یانەکەی رۆماوە بۆ رکابەریی چامپیۆنزلیگ

10-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەیسی میلان ئینتەرمیلان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلان بەبێ یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی، خۆی بۆ دێربیی میلانۆ ئامادەکردووە و دەیەوێت هەنگاوی یەکەمی بەرەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەسەرکەوتوویی بنێت، کاتێک بەرامبەر ئینتەرمیلان یاریییدەکات.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە یاریگەی سانسیرۆ یانەی ئەیسی میلان میوانداریی ئینتەرمیلانی هاوشاری دەکات، دێربیی ئەمجارەی میلانۆ لە چامپیۆنزلیگە و ئامانجەکەش گەیشتنە بە یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانێتی یانەکانی ئەوروپا.
 
میلان بەباشی خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە، بەڵام گرنگترین یاریزانی تیپەکە کە رافایێل لیاوە، لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا بەشداریی نەکردووە و بەتەنیا راهێنانی کردووە، بۆیەش بەئەگەری زۆرەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
لیاو لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی لازیۆ لە خولی ئیتاڵیادا دوای تەنیا 12 خولەک تووشی پێکانبوو و گۆڕانکاریی پێکرا.
 
ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2007ـەوە یانەی میلان دەگاتە یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەو کاتە نازناوەکەی بەدەستهێنا و دەیەوێت هەمان سیناریۆ دووبارەبکاتەوە.
 
لەلایەن خۆیەوە ئینتەرمیلان لە چەند یاریی رابردوودا لە سێریا ئەی بەباشترین کاتەکانیدا تێپەڕی و لاوتارۆ مارتینێز و رومێلۆ لوکاکو سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی تیپەکە دەکەن و یانەکە بەهەموو پێکهاتەکەیەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رۆسۆنێری ئامادەیە.
 
ئینتەرمیلان لەژێر سەرپەرشتی سیمۆنی ئینزاگی، لەکەش و هەوایەکی باراناویدا دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامداوە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەکە.
 
ئینتەر لە 2010 بۆ دوایینجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و ئەو کاتە لەگەڵ مۆرینیۆ نازناوەکەی بردەوە، ئەوانیش بە ورە بەرزییەوە خۆیان ئامادەکردووە و دەیانەوێت جارێکی دیکە لە یاریی کۆتایی یاریی بکەن.
 
هەردوو یانە مێژووییەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، 235 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، میلان 79 یاریی بردووەتەوە، ئینتەرمیلان خاوەنی 87 بردنەوەیە و 69 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
"یارییەکە لە 180 خولەکدا تەواو دەبێت"
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بەڕێوەبردنی یارییەک لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، هەموو کات ئەرکێکی قورسە، بەتایبەت لە کاتی ئامادەسازیی و ژیانکردن لە نێو ئەزموونەکەیدا و ئەنجامدانی یاریی گرنگ و جوان. دەزانین کە دەبێ بە سووربوون و وریایی زۆرەوە یاریی بکەین، بەڵام بەر لەوانە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە چێژ لەو ئەزموونە بکەین کە تێیدا دەژین. دەزانین کە دەبێ باشترین ئاستی خۆمان پێشکێش بکەین و ئەنجامێکی باشمان هەبێت، بەڵام ئەمە تەنیا یاریی چوونە و یارییەکە لە 180 خولەکدا تەواو دەبێت."
 
پیۆلی زیاتر قسەیکرد و گوتی "ئێمە لە چامپیۆنزلیگ یاریی دەکەین و بەدوور لە یاریکردنمان لە پاڵەوانێتییەکانی دیکەی ئەمساڵمان، پێموایە ئێمە لە چامپیۆنزلیگ بەرز و نزمی زۆر لە ئاستماندا نییە، بەڵکو ئاستمان نایابە. ئێمە دەمانەوێت لە دوا هەنگاوی خۆشماندا سەرکەوتووبین تاوەکو بگەینە دوایین یاریی چامپیۆنزلیگ. گەیشتن بە کۆتایی دەستکەوتێکە پێشتر ئێمە کەسمان نەمانبووە، لەبەرئەوە ئەو هەستە هاندەر و پاڵنەرێکی دیکەمان دەبێت بۆ ئەوەی سووربین و ویستی ئەوەمان هەبێت، بەهەموو توانا و وزەی خۆمانەوە یاریی بکەین."
 
 
"ساتی مەترسیدار و پێشبینیەکراومان دەبێت"
 
 
لەلایەن خۆیەوە سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان بە رۆژنامەڤانانی گوت "رۆحیەتێکی بەرزمان هەیە لە تیپەکەدا. دەمانەوێت عەقڵ و دڵمان بەکاربهێنین. من بۆ دڵمان هیچ گومانم نییە کە زۆر باشدەبین تێیدا، بەڵام بۆ لایەنی هزری و بیرکردنەوەمان، پێموایە دەبێ دانایانە مامەڵە بکەین. هەندێک ساتی مەترسیدار و پێشبینینەکراومان دەبێت لە یارییەکەدا، بەتایبەت کە ئەوەمان لەبەرچاوە ئەنجامەکە لە 180 خولەک یارییکردندا یەکلادەبێتەوە."
 
ئینزاگی دەڵێت "ئێمە یاریزانی وەک رۆمیلۆمان هەیە کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبنەماشدا لەبەر گرنگییەکەی گرێبەستمان لەگەڵدا کردووە، بۆ ئەوەی گۆڵی گرنگمان بۆ بکات. ئەو بەهۆی پێکانەوە نزیکەی چوار مانگ لە یارییکردن دابڕا، بەڵام ئێستا باشە و ئامادەیە. وەک هەر یاریزانێکی دیکە، هاوکاریی تیپەکە دەکات، ئەو چەکێکی زێدەیە بەدەستمانەوە، بۆ من وەک راهێنەر، ئەو چەکێکی تایبەتە."
 
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانەی میلان و ئینتەر





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە