راهێنەری ئەرجەنتین لەبارەی چوونی مێسی بۆ سعودیە قسە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، رای خۆی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە دەربڕی کە باس لە چوونی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەکە بۆ خولی سعودیە دەکەن.
 
مێسی لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کۆتایی دێت. تاوەکو ئێستا ئاسۆی داهاتووی ئەو یاریزانە دیار نییە لەگەڵ یانەکەی دەمێنێتەوە یان دەڕوات، لە کاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ یانەکە و هاندەرەکانیدا زۆر خراپە.
 
مێسی لەلایەن یانەی هیلالی سعودییەوە داواکراوە و دەستەوارەیەکی زەبەلاحی بۆ یاریکردن لەو یانەیە پێشکێشکراوە. ئاژانسی فرانس پرێس دوێنێ لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ماڵباتی مێسی گوتی، ئەو یاریزانە رازیبووە بە دەستەوارەی سعودییەکان، بەڵام دواتر باوکی مێسی، کە بەڕێوەبەری کارەکانیشیەتی، هەواڵەکەی رەتکردەوە.
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە، سکالۆنی کە لە قەتەر بووە و بەشداری بەرنامەی تەلەڤزیۆنێکی ئەو وڵاتەی کردووە، دەڵێ، "چوونی مێسی بۆ خولی سعودیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نابێت، ئەو هەموو کات دڵخۆشە بە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەکەمان، بەو شێوازەش یاریی دەکات کە ئێمە بەدڵمانە و ئەویش پێیخۆشە. هیوادارین بۆ داهاتوو بەشێوەیەک بڕیار بدات کە سوودی بۆی هەبێت و بۆی گونجاو بێت و بە دڵخۆشی لە یاریگەدا بمێنێتەوە، چونکە ئەو شایستەی ئەو دڵخۆشییەیە".
 
راهێنەری تانگۆ زیاتر دەڵێ، "بۆ کوێ دەچێت بابچێت، لە کوێ هەست بەدڵخۆشی دەکات لەگەڵ هاوڕێکانی و هاندەرانی یانەکەی، با روو لەوێ بکات، گرنگ نییە ئەو لە چ وڵاتێک یارییدەکات، گرنگ ئەوەیە دڵخۆش و گونجاو بێت".
 
لێدوانەکانی سکالۆنی، بە سوپرایز لەلایەن هەندێک لە هاندەرانی لیۆوە دادەنرێت کە هیواخوازن ئەو ئەستێرەیە لە ئەوروپا بمێنێتەوە تاوەکو بەهێزەوە بەشداریی لە کۆپا ئەمێریکای 2024 و مۆندیالی 2026 بکات و نازناوی زیاتر بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەدەست بهێنێت.
 
بەرپرسانی تۆپی پێی سعودیە، کە دەیانەوێت ئاستی ئەو وەرزشە و سەرنجەکان لەسەر خولی رەوشەنی سعودیە بەرەو سەر ببەن، هیواخوازن هاوینی ئەمساڵ سەرکەوتووبن لەوەی مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەکەیاندا یاریی بکەن.