ئەنچێلۆتی: بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئێمە شایەنی بردنەوە بووین

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر ئاستی تیپەکەی لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێشاندا و دەڵێت "ئێمە شایستەی بردنەوەی یارییەکە بووین."
 
ئەنچێلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی "دەمانتوانی یارییەکە ببەینەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی تیپەکەم پێموایە شایستەی بردنەوەی یارییەکە بووین، بەڵام شتێک روویدا بووە رێگر لە بردنەوەمان، بەهەستێکی خۆشەوە یاریگەمان بەجێهێشت و بەپەرۆشین بۆ یاریی داهاتوو، چونکە یارییەکی زۆرباشمان ئەنجامدا."
 
راهێنەری ریال مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ لەلایەن مانچێستەر سیتییەوە شتێکی ئاساییە، نابێت بەو هۆیەوە شێت بین، گرنگترین شت ئەوەیە کە بۆشایەکانی نێوان هێڵەکان بەباشی کۆنتڕۆڵ بکەین، چونکە زوو یان درەنگ هەلەکان بۆ ئێمە دروستدەبن، ئێمە لە یەکەم هێرشدا لەنێو ناوچەی ئەوان گۆڵمان تۆمارکرد، دوای ئەو گۆڵە ئاستێکی باشمان پێشکێشکرد وەک چۆن کۆنتڕۆڵی یاریگەمان کرد و هەلمان دروستکرد، یارییەکی تەواومان ئەنجامدا و زۆر دڵخۆشم بەوە، هیوادارم هەفتەی داهاتوو دووبارەی بکەینەوە."
 
کارلۆ زیاتر قسەیکرد و باسی یاریی گەڕانەوە دەکات، ئەو بە رۆژنامەڤانانی گوت "دەبێت لە یاریی گەڕانەوەدا وەک ئەم یارییە یاریی بکەین، نازانم ئەوە دەکرێت یان نا، رەنگە یارییکردنی ئەوان لە یاریگەی خۆیان هەندێک گوشاریان بخاتە سەر، بەڵام ستراتیژیی ئێمە بۆ یارییەکە زۆرباشبوو، ئێمە دەمارگیر نەبووین کاتێک ئەوان تۆپیان لابوو، باڵادەستبووین لە بەرگریدا، لە نیوەی دووەمیشدا دۆخێکی تەواو جیاواز بوو و کۆنتڕۆڵی زیاترمان کرد و توانیمان زیاتر بجوڵێین و هەلی گۆڵکردن دروستبکەین، وەک گوتم ئێمە رازین."