یانەکەی نەیمار گەندەڵیی گەورەی تێدا ئاشكرا بووە

10-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی بەرازیل سانتۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک یاریزانی یانەی سانتۆسی بەرازیلی، بە دەستتێکەڵکردن لەگەڵ مافیا تۆمەتبارکراون، میدیای بەرازیل گوتوویەتی، گەندەڵییەکی گەورە روویداوە.
 
یانەی سانتۆس کە یەکێکە لە یانە گەورە و مێژووییەکانی بەرازیل، پێشتر ئەستێرە گەورەکانی وەک پێلێ، رۆبینیۆ و نەیماری پێشکێشی دونیای تۆپی پێ کردووە.
 
کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە ئێدواردۆ بۆرمان، بەرگریکەری یانەکە بەشێوەیەکی کاتیی لە ریزەکانی دووربخاتەوە و سڕی بکات، بەهۆی تۆمەتبارکردنی لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیکەدا، بە وەرگرتنی بەرتیل لە گرووپێکی مافیایی، لەپێناو دەستکاریکردن و گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان، لە بەرژەوەندی گرەوکارانی یارییەکان.
 
بڕیاری کارگێڕیی یانەکە پاشئەوە هات کە میدیای ئەو وڵاتە بەشێک لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرەوکارانیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەڕەشە لە یاریزانان دەکەن بەوەی پێویستە پابەندبن بەو بەڵێنەی داویانە بە وەرگرتنی کارتی زەرد لە یارییەکاندا.
 
یانەی سانتۆس لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، "بەرگریکەرەکەمان لەوە ئاگادارکردەوە کە لە مەشقەکان دوورخراوەتەوە، وەک رێوشوێنی پێشوەختە گیراوەبەر، بەهۆی ئەو رووداوانەی لە ماوەی رابردوودا ئاشکرا کراون".
 
بڵاوکراوەی یانەکە هەروەها ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەی نووسینگەی داواکاری گشتی داوە کە تێیدا بڕیاریداوە تۆڕێکی مافیایی هەڵبوەشێنێتەوە بەهۆی دەستکاریکردنی ئەنجامی شەش یاری لە یارییەکانی وەرزی رابردووی خولی بەرازیل، ئەمە جیا لە دەستکاریکردنی پێنج یاری لە پاڵەوانێتییەکانی دیکە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی، بۆرمان کۆی 50 هەزار ریالی بەرازیلی، کە دەکاتە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی، وەرگرتووە بەرامبەر ئەوەی لە یارییەکانی یانەکەیدا لە خولی نێوخۆی بەرازیل، وا بکات ناوبژیوان کارتی زەردی بداتێ.
 
نووسینگەی داواکاری گشتی دەڵێ، لەو یارییەدا کە سانتۆس بەرامبەر یانەی ئاڤای لە وەرزی رابردوودا ئەنجامیداوە، ئەو یاریزانە هیچ کارتێکی زەردی وەرنەگرتووە، ئەوەش بووەتە هۆکاری تووڕەبوونی ئەو گرووپە مافیاییەی پارەکەیان داوەتێ، چونکە گرەویان لەسەر کردووە و دواتر بەهۆیەوە هەڕەشەیان لە یاریزانەکە کردووە، لەسەرئەوەی پابەند نەبووە بە بەڵێنەکەیەوە.
 
یانەکە هەروەها دەڵێ، چاوەڕێی قسەی کۆتایی دادگا دەبین، چ بە دووپاتکردنەوە و سەلماندنی تۆمەتەکانی سەر یاریزانەکەمان، یان رەتکردنەوە و بێتاوانکردنی، لەگەڵ "گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بەرامبەری، ئەوەش وەک دووپاتکردنەوە لە سەلامەتیی دامەزراوەی یانەکەمان".
 
لە چوارچێوەی هەمان دۆسێدا، میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، گەندەڵیی گەورە ئەنجامدراوە. گەندەڵیەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی، لە لانیکەم پێنج یاریزانی دیکە کە لە پێنج یانەی پلە یەک و دووی وڵات یاریی دەکەن.
 
میدیا دەڵێن، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو یاریزانانە بڕی نێوان 10 تاوەکو 20 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە، بۆ وەرگرتنی کارتی زەرد و سوور لە یارییەکاندا، یان بوونە هۆکار بۆ ئەژمارکردنی لێدانی سزا بۆ تیپی بەرامبەر و بوونە هۆکار بۆ گرتنی ژمارەیەکی دیاریکراوی کۆڕنەر بۆ تیپی بەرامبەر.
 
میدیای بەرازیلی گوتوویانە، گرەوەکان تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی هەندێک یاریزانی پارەیان لە قومارچیی یارییەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە یارییەکاندا کارێک بکەن، ببنە هۆکاری دۆڕانی تیپەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە