هالاند هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، هەڕەشەی لە یانەی ریال مەدرید کردووە، بۆ یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
یاریی یەکەمی نێوان ئەو دوو یانەیە، دوێنێ شەو بەیەکسانبوونی هەردوو یانە بە گۆڵێک کۆتایی هات. ڤینیسیۆس جۆنیۆر گۆڵی پێشکەوتنی ریال مەدریدی تۆمارکرد و کیڤن دی برۆینێ، ئەنجامەکەی بۆ مانچێستەر سیتی یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە کە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، هالاند نەیتوانی ئاستێکی باشی تێدا پێشکێش بکات، ئەوەش بەهۆی ئەو چاودێرییە تووندەی ئانتۆنیۆ رۆدیگێر، بەرگریکەری ریال مەدرید، لەسەر ئەو یاریزانەی دانابوو.
 
دوای یارییەکە باش دەرنەکەوتنی هالاند بووە باسوخواس و مشتومڕ و تەنانەت کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیادا بەدوای خۆیدا هێنا.
 
هالاند وێنەیەکی خۆی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیووە، "هەموو شتێک هەر لە دەستی خۆماندایە. ناتوانم چاوەڕێ بکەم تاوەکو هەفتەی داهاتوو".
 
سەرکەوتوو لە ئەنجامی هەردوو یاریی نێوان ئەو دوویانەیە، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا لە ئیستەنبوڵ، بەرامبەر سەرکەوتوو لە یاریی نێوان میلان و ئینتەرمیلان یاریدەکات.