بایرن میونشن.. تۆماس لە تۆماس یاخیبووە

10-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بایرن میونشن تۆماس توخێل تۆماس مۆلەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆخی نائارام و کێشە نێوخۆییەکانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەردەوامن. یەکێک لە یاریزانە گەورەکانی یانەکە بڕیاریداوە ریزەکانی یانە باڤارییەکە جێبهێڵێت و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
 
تۆماس مۆلەر، ئەستێرەی بایرن میونشن، بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە یانەکە بڕوات، پاشئەوەی هیچ ئومێدێکی بە بوونی تۆماس توخێل و کارەکانی ئەو راهێنەرە لە یانەکەدا نەماوە.
 
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، (تۆماس) مۆلەر، هەست بە دڵخۆشیی ناکات لە یانەکە، لەگەڵ (تۆماس) توخێلی راهێنەردا، چونکە زۆرینەی کات لە یارییەکانی یانەکەدا لەسەر کورسیی یەدەگە.
 
تۆماس و تۆماس لە دوای هاتنی توخێلەوە بۆ مەشقدانی بایرن میونشن لە مانگی سێی ئەمساڵدا، پەیوەندییەکی باش لە نێوانیاندا نییە، توخێل پێیوایە مۆلەر ئەو ئاستەی نییە ببێتە یاریزانی سەرەکی تیپەکە.
 
تۆماس مۆلەر تاوەکو مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن هەیە، بەڵام بیر لەوە ناکاتەوە لە دوای بەجێهێشتنی بایرن، بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت. رۆژنامە ئەڵمانییەکە دەڵێ، مۆلەر بیر لە چوون بۆ یانەیەکی دیکە دەکاتەوە.
 
مۆلەر کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا مۆندیالی 2014ی بەدەستهێناوە، گەلویستییەکی زۆری لە نێو هاندەرانی یانە باڤارییەکەدا هەیە. مۆلەر بەیەکێک لەو ئەفسانانەی باڤاریا دادەنرێت کە لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە لەگەڵ یانەکەدا بووە و پێشتر 11 نازناوی بۆندێسلیگا و دوو نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە.
 
بایرن میونشن ئەمساڵ لە دۆخێکی باشدا نییە، چامپیۆنزلیگ و جامی ئەڵمانیای لەدەستچووە، تاکە نازناوی بەردەستی، نازناوی بۆندێسلیگایە و بۆرووسیا دۆرتمۆند لە رکابەرییەکی توونددایە لەگەڵیدا، بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە