هەموو شتێک لەسەر دێربی میلانۆ لە چامپیۆنزلیگ

10-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ دێربیی میلانۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە یاریی دووەمی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، دوو جەمسەرەکەی شاری میلانۆی ئیتاڵیا، میلان و ئینتەرمیلان بەیەکدەگەن. هەردوو یانە ساڵانێکی زۆرە خۆیان لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکەدا نەبینیوەتەوە. هەردوو یانەش ویستی گەورەیان بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی هەیە.
 
میلان و گەڕانەوەی بیگ میلان
 
دوای پانزە ساڵ لە چاوەڕوانی و بێبەشبوون لە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، میلان خۆی لە بەرامبەر دراوسێ رکابەرەکەیدا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی وەرزە نموونەییەکەی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا بگەیەنێتە وێستگەی ئیستەنبووڵ کە تێیدا ناوی براوەی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ رادەگەیێنێت.
 
دێربی میلانۆ، دێربی مادۆنینا، رکابەرییە سەرسەختەکەی نێوان میلان و ئینتەر دەباتە سەر شانۆی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە و میلان مافی خۆیەتی وەک گەورەی ئیتاڵیا و یەکێک لە گەورەکانی ئەوروپا و خاوەن دووەم زۆرترین نازناوی چامپیۆنزلیگ لە پاش ریال مەدریدەوە، بڵێ ئەمجارە تەنیا گەیشتن بە پێشکۆتایی ئامانج نییە، بەڵکو ئامانج ئەو جامەیە کە پانزە ساڵە لێمان یاخی بووە و خۆی بەدەستەوە نادات.
 
سنوورەکە هەر شاری میلانۆیە، یاریگەکەش هەر پێگە و قیبلەی هەردوو یانەیە، بەڵام ئەمشەو سانسیرۆیە و دەبێ باڵادەستیی بۆ میلان بێت و هاندەرەکانی ئەو یانەیە، دەیانەوێت پاش یارییەکە، بەدڵخۆشییەوە روو لە ماڵ بکەنەوە و بەبەرخۆیانەوە بڵێن، بیگ میلان، وەکچۆن وەرزی رابردوو لەسەر ئاستی ئیتاڵیا گەڕایەوە، ئەمشەو لەسەر ئاستی ئەوروپاش هەمان گەڕانەوەی پێشاندا.
 
نە پێکهاتەیەکی بەهێز و پڕ لە یاریزانی گەورە لە میلاندا هەن، نە کۆمەڵێک ئەستێرە و یاریزانی یەکلاکەرەوە و نە کورسیی یەدەگێکیش کە پێشبینیکراو بێت لێی لە هەر ئان و ساتێکی یارییەکەدا، بێتە ناوەوە و هەموو شت لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە. ئەوەی لە میلاندا هەیە و کاریگەرترین چەکە، بوونی راهێنەرێکی کەمدووی پڕ لە وزە و خەونە، لەگەڵ ناوی یانەیەکدا کە هەمیشەو دەیەوێت دووپات لەوە بکاتەوە، گەورەی میلانۆ و گەورەی ئیتاڵیاشە.
 
ئۆلیڤی ژیرۆ، هێرشبەری یانەی میلان، لەبارەی یارییەکەی ئەمشەوەوە دەڵێ، "گومانی تێدا نییە کە یاریی دێربی هەموو کات یارییەکەی نایابە. یارییەکە جیاوازە لە یارییەکانی دیکە، بەڵام من هەموو کات حەزدەکەم بەشداریی لە یارییەکانی دێربیدا بکەم، چونکە یاریی مەزنن. من شانازی بە میلان و بەم تیپەوە دەکەم. هیوادارم سەرکەوتووبین لەوەی کاری مەزن ئەنجام بدەین و بۆ یارییەکە، وزەیەکی باشمان هەبێت".
 
میلان کە پێدەچێ لە ساڵانی هەڵسانەوە و کەوتنە سەرپێی خۆیدا بێت و لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی سکۆدیتۆیەک لە وەرزی رابردوودا کە ئەستەمبوو پێشبینی بکرێت میلان بەدەستی بهێنێت، ئەمساڵ لە چامپیۆنزلیگدا تاوەکو ئێستا زۆر باش، ئەسپی خۆی تاوداوە و نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئەنجامی دوو یاریی بێت، کە دەیگەیەننە یاریی کۆتایی.
 
بەرلەوەی هەمان یاریگە ببێتە جۆسیپی میاتزا و کەمترین هاندەری خۆی تێدا ئامادەبن و یاریگەکەش رەنگی شین بپۆشێت، میلان دەیەوێت، دێربییە ئەوروپییەکەی میلانۆ، ئەمشەو بەباشترین شێوە کۆتایی پێبهێنێت. 
 
دۆخی پەڕینەوەی میلان بۆ ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگ و بڕینی تۆتێنهامی ئینگلیزی لە قۆناخی شانزە و پاشانیش رکابەرێکی سەرسەختی وەک ناپۆلی لە قۆناخی پێشوودا، هەم گەشبینی بە تیپەکە دەدەن تاوەکو لە هەنگاونان لە چامپیۆنزلیگ تاوەکو کۆتایی بەردەوام بێت، هەم ئەوە بۆ ستیفانۆ پیۆلی راهێنەر و یاریزانەکانی دووپاتدەکەنەوە کە ئەوان، چۆن توانییان ناپۆلی بە هەموو گوڕوتین و خەونی گەورەی خۆیەوە دەرپەڕێنن، ئاوهاش ئەمشەو دەتوانن، نیوەی رێگەکەی ئیستەنبووڵ ببڕن. 
 
ئینتەرمیلان و یادەوەرییەکانی سیانزە ساڵ لەمەوپێش
 
لە وەرزێکی ناوازەی ئیتاڵییەکاندا لەسەرئاستی ئەوروپا، ئینتەرمیلان خۆی وەک یەکێک لەو نوێنەرانەی وڵاتی دروستکەر و بەرهەمهێنەری کاتیناچۆ دەبینێتەوە کە پێویستە لەسەری تا دوا هەناسە بجەنگێت و خەیاڵیشی لەسەر ئەوە بێت کە دەکرێ خۆی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ببینێتەوە.
 
ئینتەرمیلان، دوای زیاتر لە 13 ساڵ، لەبەردەم دەروازەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا دەبێت.. دوای ساڵانی زۆری چاوەڕوانی، شکست و حەسرەت بەدیار گەورەکانی دیکەوە، ئەمجارە لەگەڵ سیمۆنی ئینزاگیدا، دەتوانێ بەدەنگی بەرز بڵێت، بەڵێ دەتوانین بگەینە یاریی کۆتایی.
 
ئینتەرمیلان، وێڕای ناوی گەورە و رابردووی بەرچاوی لە چامپیۆنزلیگدا و وێڕای بوونی دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ لە رەفەکانیدا، لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە یەکێک نەبوو لەو تیپانەی پێشبینیکراوبێت، بگاتە ئەم قۆناخە هەستیارەی چامپیۆنزلیگ.
 
ئینتەرمیلان بۆ یارییەکەی ئەمشەو، پێویستی بەوە دەبێت لانیکەم بەکەمترین زیانەوە لە یارییەکە بێتە دەرەوە و یەکلابوونەوە بۆ یاریی سێشەممەی داهاتوو مسۆگەر بکات، ئینزاگی و یاریزانەکانیشی لەو جۆرە هاوکێشە و لێکدانەوە قورسەدا بۆ یارییەکان، ئەزموونێکی باشیان بەدەستهێناوە و دەزانن، ئەگەر دێربییەکەی ئەمشەویش نەبێت، چۆن دێربی داهاتوو بکەنە ناونیشانی سەرکەوتنێکی دیکەی خۆیان.
 
فیدریکۆ دیمارکۆ، یاریزانی یانەی ئینتەرمیلانم لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "ئەمە یاریی پێشکۆتاییە، بەڵام وەک هەر یارییەکی دیکەی دێربی هەستی خۆشم بۆ ئەنجامدانی هەیە. من زۆر یاریی هاوشێوەی ئەوەی ئەمشەوم بینیووە، زۆر دڵخۆشم بەوەی لە یاریی پێشکۆتاییدا بەرامبەر میلان یاریی دەکەم، دەمەوێت لەسەدا سەد چێژ لە یارییەکە ببینم".
 
ئینتەرمیلانیش هاوشێوەی هاوشارییەکەی، تیپێکی خاوەن ناوی گەورە نییە، بەڵام کاتێک باسی کوالیتی یاریزانان دەکرێت، هێرشبەرەکانی ئینتەر بریتین لە ئەزمووندارێکی وەک دزیکۆ، لاوێکی داواکراوی وەک مارتینێز و تانکێکی وەک لوکاکۆ.. ئەو تانکەی دەتوانێت هەموو بەرگرییەک تێکبشکێنێت و هەموو سەنگەرێکیش بگرێت، ئەگەر لە رۆژی خۆیدا بێت. 
 
هێرشبەرەکان خاڵی هەرە درەوشاوەی نێو پێکهاتەکەی ئینتەرمیلان نین. بەڵکو هێڵی ناوەڕاستی تیپەکە، ئەو هێڵە دەبێت کە ئینتەرمیلان دەیەوێت لە دێربییەکەی ئەمشەودا بەهۆیانەوە بگاتە ئەنجامێکی باش و ئەو خاڵەش بێت بەهۆیانەوە، بەسەر میلاندا زاڵ بێت.
 
ناوەڕاستی ئینتەرمیلان یاریزانانی وەک نیکۆلۆ بارێلا لە خۆ دەگرێت، کە وێڕای تەمەنی لاوی خۆی کە بیست و شەش ساڵە، بەڵام بە مایسترۆ و ریتم رێکخەری تیپەکە دادەنرێت. ئەمە جیا لە چالهان ئۆگلۆی تورکی کە لە دوای چوونیەوە لە بەرە سوورەکەی میلانۆوە بۆ بەرە شینەکە، هەموو دێربییەک باشترین ئاستی خۆی پێشاندەدات بۆ سەرکەوتن بەسەر یانەکەی پێشووی خۆیدا.
 
ئینزاگی یاریزانی دیکەی کاریگەری لە هێڵی ناوەڕاستدا هەیە کە پێکهاتوون لە مارسیلۆ برۆزۆڤیچ و هینریک مخیتریان، ئەو دووانەیەی لەگەڵ بارێلا و هاکاندا چوارینەیەک دەبن دەتوانن دێڕەکانی هۆنراوەیەک بۆ سەرکەوتن و درەوشانەوەی خۆیان و ئینتەرمیلانیش لە هەموو شوێن و یاریگە و یارییەکەدا، بنووسنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە